دەیان کەس لە شارەزوور تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون و لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکەی دەستیپێکرد
دەیان کەس لە شارەزوور تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون، بەڕێوبەرایەتیی تەندروستی سلێمانیش لیژنەیەک بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکە پێکدەهێنێت.
ماوەی دوو ڕۆژە زیاتر دەیان کەس کە ژمارەین بە زیاتر لە 400 کەس دەخەمڵێنرێت لە شارەزوور تووشی سکچوون و ڕشانەوە بوون، لەو ژمارەیە تەنیا لە ماوەی هەشت کاتژمێردا نزیکەی 200 نەخۆش لە نەخۆشخانەی گشتیی شەهید ڕەئوف بەگ تۆمار کراون.
کەمال تاوەگۆزی لە نەخۆشخانەی شەهید ڕەئوف بەگ لە قەزای شارەزوور ڕاگەیاند: بەپێی ئەو پشکنینانەی لەناو نەخۆشخانەکەدا کراون، گومان دەکرێت هۆکارەکەی ئاوی خواردنەوە بێت و زۆربەی نەخۆشەکانیش منداڵن.
لەلایەکی ترەوە، سەرکار سورچی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاشکرای کرد، تووشبووەکان چارسەری پێویستیان وەرگرتووە و ڕەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، هاوکات لیژنەیەکی تایبەتمەند لەلایەن بەڕێوبەرایەتیی تەندروستی سلێمانی بۆ هۆکاری سەرەکیی پێکهێنراوە، تاوەکو پشکنین بۆ ئاوی شارەزوور بکرێت و دواتر ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ڕادەگەیێنین.
