نەتەوە یەکگرتووەکان: سەدا 70ی ئەو کەسانەی لە غەززە لەژێر بۆردوومانی ئیسرائیلدایە کوژراون ژن و منداڵن
نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان بڵاویکردەوە، کە نزیکەی سەدا 70ی ئەو کەسانەی لە غەززە لەژێر بۆردوومانی چڕی ئیسرائیلدایە کوژراون ژن و منداڵن و داوای کرد "لێپرسینەوە لە پێشێلکارییە مەترسییدارەکان لە غەززە بکرێت".
نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕاپۆرتێکی لەبارەی کوژرانی هاووڵاتیانی مەدەنی و پێشێلکارییەکانی یاسای نێودەوڵەتیی بڵاوکردەوە، کە لە نێوان تشرینی دووەمی 2023 و نیسانی 2024 لە غەززە ئەنجامدراون و بە (تاوانی جەنگ)ی ناساند.
لە ڕاپۆرتەکەدا هۆشداری بەوەدراوە کە ڕەنگە هێرشە بەربڵاوەکان یان بەرنامە بۆداڕێژراوەکانی سەر خەڵکی مەدەنی ببنە تاوانی جەنگی دژ بە مرۆڤایەتی و، ئەو هێرشانەشی بە نیازی لەناوبردنی تەواو یان بەشێکی نەتەوە، نەژاد یان ئایینێک دەکرێن ڕەنگە ببنە تاوانی جینۆساید.
لە ڕاپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە کە نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان زانیارییە کەسییەکانی ئەو کەسانەی پشتڕاست کردووەتەوە کە لە ئەنجامی بۆردوومان و هێرشەکانی دیکەدا لە غەززە کوژراون و هاتووە: "بۆمان دەرکەوتووە کە تا ئێستا نزیکەی سەدا 70ی ئەو کەسانەی لەو هێرشانەدا کوژراون ژن و منداڵن. ئەم دۆخە پێشێلکردنی بەرنامە بۆدارێژراوی بنەما سەرەکییەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتییە، نزیکەی سەدا 80ی ئەو مردنانەی پشتڕاستکراونەتەوە لە شوێنی نیشتەجێبوون یان شوێنە هاوشێوەکان کوژراون و بە ئامانج گیراون، لەوانەیش سەدا 44یان منداڵ و سەدا 26یان ژنن".
