قەتەر لە رۆڵی نێوەندگیری نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئاگربەست دەکشێتەوە
وڵاتی قەتەر لە رۆڵی نێوەندگیری نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان دەکشێتەوە.
ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری سەرچاوەیەکەوە بڵاویکردەوە: قەتەر بە بزووتنەوەی حەماسی راگەیاندووە، کە نووسینگەکەی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر چیتر خزمەت بە ئامانجەکەی ناکات و پێویستە دابخرێت.
زانیاری زیاتر: قەتەر و میسر و ئەمەریکا ڕۆڵی ناوبژیوانی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەگێڕن لە دانوستانەکان بۆ وەستاندنی شەڕ لە کەرتی غەززە کە دوای هێرشەکەی حەماس لە 7ی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردوو دەستی پێکرد.
کاربەدەستێکی باڵای ئەمریکی ڕۆژی هەینی ڕابردوو بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوت: "ئەمریکا بە قەتەری ڕاگەیاندووە کە بوونی گروپی حەماس لە دەوحە چیتر قبوڵ ناکرێت پاش ئەوەی گروپەکە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا دوایین پێشنیاری گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر بارمتەکان لە غەززە ڕەتکردەوە".
ئەو بەرپرسە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی گوت: قەتەر 10 ڕۆژ لەمەوبەر ئەم داوایەی لە سەرکردانی حەماس کردووە، کە مەکتەبی سیاسی حەماس لە پایتەختی قەتەر دابخەن.
