سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە شاری هەولێر و لەگەڵ گەورە بەرپرسەکانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، مەحەممەد شەیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق گەیشتە شاری هەولێر و لەلایەن مەسرور بارزانی پێشوازی لێکرا.
سەردانەکەی ئەمڕۆی سودانی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵە بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەو پرسانەی کە کاریگەرییان لەسەر پەیوەندی نێوان هەرێم و حکومەتی ناوەندی هەیە.
هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق هەر ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی، و سەرۆکی هەرێم نێچیرڤان بارزانی و حکومەت مەسرور بارزانی کۆدەبێتەوە.
پێشبینیدەکرێت لەم کۆبوونەوانەدا تیشک بخرێنەسەر چوار کە بریتین لە، تاوتوێکردنی بارودۆخی هەرێمی کوردستان دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەت پرسەکانی؛ سەرژمێری، بودجە و مووچە، دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و کێشەی زەویوزاری جووتیارانی کورد لە کەرکووک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تاوتوێکردنی بارودۆخی ناوچەکە دوای هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمریکا.
هاوکات مەحەممەد شەیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق دوای سەردانەکەی بۆ هەولێر، بڕیارە لە پارێزگای سلێمانیش لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی و شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کۆبێتەوە.
كلمات مفتاحية
- مەحەممەد شەیاع سودانی
- عێراق
- مەسرور بارزانی
- مەسعود بارزانی
- بافڵ تاڵەبانی
- یەکێتیی
- کوردستان
- هەرێمی کوردستان
- شاسوار عەبدولواحید
