سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامی گشتی سەرژمێری دانیشتوانی عێراق ئاشکرا دەکات
مەحەممەد شەیاع سوودانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا، ئەنجامی بەرایی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراقی ڕاگەیاند کە لە ڕۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە ئەنجامدرا.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند کە بەپێی ئەنجامی سەرژمێریی، ژمارەی دانیشتووانی عێراق، گەیشتووەتە 45 ملیۆن و 407 ھەزار و 495 کەس، ئاماژەی بەوەشکرد، کە ڕێژەی دانیشتووان لە شارەکاندا، گەیشتووەتە 70,3% و ژمارەی گوندنشینەکان گەیشتووەتە سەدا 29,7%.
ھەروەھا باسی لەوەشکرد کە ژمارەی خێزانەکان لە عێراق، گەیشتووەتە حەوت ملیۆن و 897 ھەزار و 588 خێزان و گوتی: "ژمارەی ئەندامانی ھەر خێزانێکی مامناوەند لە عێراق بریتییە لە 5,3 کەس".
ڕاشیگەیاند کە ھەر بەپێی ئەنجامی سەرژمێریی، ژمارەی ڕەگەزی نێر لە عێراق، گەیشتووەتە 22 ملیۆن و 784 ھەزار و 62 کەس، کە دەکاتە لە 50,1ـی دانیشتووان و ژمارەی ڕەگەزی مێ، گەیشتووەتە 22 ملیۆن و 623 ھەزار و 833 کەس کە دەکاتە لە سەدا 49,8ـی دانیشتووانی عێراق.
ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە عێراق چووەتە قۆناغی بووژانەوەی دیموگرافیوە، بەوپێیەی ڕێژەی دانیشتووان بۆ کارکردن، گەیشتووەتە سەدا 60 و گوتی: "ڕێژەی دانیشتووانی ژێر تەمەنی کارکردن کەمتر لە 15 ساڵ، گەیشتووەتە سەدا 36,1 و ڕێژەی دانیشتووانی تەمەنی کارکردن لە نێوان 15 بۆ 64 ساڵ، گەیشتووەتە سەدا 60,2 و ڕێژەی دانیشتووانی سەرووی تەمەنی کارکردنی 65 ساڵ و سەرووتر، گەیشتووەتە سەدا 3,7".
ئاماژەی بەوەشدا کە ژمارەی ماڵان لە عێراق، گەیشتووەتە 8 ملیۆن و 37 ھەزار و 221 ماڵ و گوتی: "ڕێژەی خانوو، گەیشتووەتە 92,1% و ڕێژەی شوقە، گەیشتووەتە 6٫6% و ڕێژەی خانووی لە قوڕ دروستکراو، گەیشتووەتە 0٫4%".
