چین پلانی هەیە نموونەی خاک و خۆڵی هەسارەی مەریخ بهێنێتەوە زەوی بۆ توێژینەوە
تاقیگەیەکی بەدواداچوونی بۆشایی ئاسمانی چین ئاشکرایکرد کە چین بەدوای ئەرکێکی گەورەدایە بۆ کۆکردنەوەی نموونەی خاکوخۆڵ لە هەسارەی مەریخ و هێنانی بۆ زەوی تا ساڵی 2031.
لە راگەیەندراوی تاقیگەکەدا هاتووە، کە ئەم ئەرکە ناوی "تیانون-3"یە و لەنزیک ساڵی 2028دا دوو هەڵدانی یەک لەدوای یەک ئەنجامدەدرێت وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ سەرکەوتنی ئەو ئەرکە، ئامانجی ئەرکەکە نیشتنەوەیە لەسەر هەسارەی مەریخ، بۆ کۆکردنەوەی نموونەی خاک و خۆڵ لەهەمان شوێنی نیشتنەوەی ئەو کەشتیە کە بڕیارە لەسەر مەریخ بنیشێتەوە، پاشان گەڕاندنەوەیان بۆ زەوی لە پرۆسەیەکی یەکخراودا بۆ توێژینەوە و سوودوەرگرتن لەو نموونانە.
تیمی زانایان و توێژەران بەسەرپەرشتی توێژەر "تسنگ چیان" پلانی ستراتیجی خۆیان بۆ ئەم کارە ڕاگەیاند کە چەند هەنگاوێکی تایبەت لەخۆ دەگرێت وەک دیاریکردنی شوێنی دەرهێنانی نموونەکان و دیاریکردنی کوالێتیان و هەروەها چۆنیەتی کۆکردنەوە و سوود وەرگرتن لێیان.
بەگوێرەی ئەو توێژەرانەی کە بەشدار دەبن لەو ئەرکەیە، 86 شوێنی نیشتنەوە دیاریکراون کە لە ناوچە دێرینەکانی "کریس پلانیتیا" و "یوتۆپیا پلانیتیا" دیاریکران، کە دوو ناوچەی جیان لەسەر هەسارەی مەریخ.
ئەم دوو ناوچەیە ژینگەی جیۆلۆجی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرن لەوانە سەربانی مەریخ، هەروەها قوڵایی و دۆڵەکانی هەسارکە، کە وایان لێدەکات شوێنێکی نمونەیی بن بۆ لێکۆڵینەوە و پاراستنی ئەگەرەکانی ژیانی کۆن.
تیمەکە هەروەها جەختیان لەسەر گرنگی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو کردەوە بۆ کۆکردنەوەی نموونە لەسەر ڕووی مەریخ و قووڵاییەکەی و جەختیان لەسەر پێویستی پەرەپێدانی ئامرازی مۆدێرن کردەوە کە تایبەت بێت بە دۆزینەوەی نیشانەی ناوچە زیندووەکان، هەروەها بەڵێنیان دا لێکۆڵینەوە بکەن لە چۆنیەتی ناساندنی ئەم هێمایانە و شوێنەکانیان و چۆنیەتی پاراستنیان.
شایەنی باسکردنە، ئەو ئەرکە کە بە تیانون-3 "Tianwen-3" ناسراوە، لەلایەن ڕێکخراوەی هاوکاری نێودەوڵەتی هاوکاری دەکرێت و چین لەگەڵ زانایانی جیهان کار دەکات بۆ لێکۆڵینەوە لە نموونە و داتای دۆزینەوە.
جگە لەم ئەرکە، چین پلانی بۆ ئەنجامدانی ئەرکێکی دیکە بەناوی تیانون-4 دادەنێت بۆ دۆزینەوەی سیستەم و مانگەکانی هەسارەی موشتەری، بە ئامانجی لێکۆڵینەوە لە مێژووی پەرەسەندنەکەی.
