وەزیرى ناوخۆى بەریتانیا دوو ڕۆژە لە هەولێرە بۆ ڕێگری لە کۆچکردنی هاوڵاتیانی هەرێم
ماوەى دوو رۆژە وەزیرى ناوخۆى بەریتانیا لە عێراق و هەرێمى کوردستانە، لەگەڵ هەریەک لە حکومەتی عێراق و هەرێمى کوردستان رێککەوتنى کردووە بۆ رێگەگرتن لە کۆچى نایاسایى بۆ ئەورووپا و بەریتانیا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، بەریتانیا بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی رێکكەوتنی لەگەڵ حکومەتی بەغداد و هەولێر کردووە، حکومەتی بەریتانیا 300 هەزار پاوەند دەداتە عێراق بۆ راهێنانی ئەمنیی و پاراستنی سنوورەکانى هەروەها 200 هەزار پاوەند دەداتە هەرێمى کوردستان بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.
ئیڤێت کووپەر، وەزیری ناوخۆی بەریتانیا رایگەیاند، ئەم رێککەوتنەی کە لەنێوان نێوان بەریتانیا، عێراق و هەرێمی کوردستان ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ قاچاخچییە تاوانبارەکان کە ئێمە لە سەرانسەری جیهان بەدوایانەوە دەبین.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان تیمێکی نوێ بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی پێکدەهێندرێت.
وێنە گەورەکە…
چەندین ساڵە هاوڵاتیان و گەنجانی هەرێمی کوردستان بەڕێگەی کۆچی نایاسایی ڕوودەکەنە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و بەریتانیا لەڕێگەی قاچاخ لە وڵاتی تورکیاوە و دەریایی ئیجە و دەریایی کەناڵی ئینگلیزی و دەریایی ناوەڕاست، ئەمەش بەهۆی حاڵەتی گوزەرانی سەخت، هەژاری، نەبوونی هەلی کار و دامەزراندن، گەندەڵی، سەرکوتکردنی چالاکوانان و ڕۆژنامەنووسان، هەروەها تیرۆری چالاکوان و ئازادی ڕادەربڕین و چەندین هۆکاری تر کە دەبنە هۆی هەوڵی کۆچکردنی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان.
