فەرماندەیەکی عێراق: هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئامادەن و هیچ مەترسییەک هەڕەشە لە عێراق ناکات
سەرۆکی گشتی ئەرکانی عێراق ڕایگەیاند، کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق ئامادەن و هیچ مەترسییەک هەڕەشە لە عێراق ناکات.
عەبدولئەمیر رەشید یارەڵا، سەرۆکی گشتی ئەرکانی ئەرتەشی عێراق ڕایگەیاند کە هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە ئامادەیی تەواودان، ناوبراو خەڵکی عێراقی دڵنیا کردەوە کە هیچ مەترسییەک لەسەر عێراق نییە.
فەرماندەیی ئەرکانی ئەرتەشی عێراق دوێنێش ڕایگەیاند، کە عێراق ڕێکاری هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێ لە بواری هاوبەشی ئەمنیەتی و بەرەنگار بوونەوەی هەڕەشەکان دەکات.
دوێنێ شەممە، وەزارەتی بەرگریی عێراق پێنج تیپ لە هێزە چەکدارەکانی سەربە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لەنزیک سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ سووریا جێگیر کرد.
بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی عێراق، سێ تیپ لە هێزەکانی سەربە سوپای عێراق و دوو تیپ لە هێزەکانی حەشدی شەعبی کە دەبنە شەش بۆ 10 هەزار چەکدار لەنزیک سنوورە هاوبەشەکان لەگەڵ سووریا جێگیرکراون.
پێشتر یەحیا ڕەسووڵ، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەختی کردبوو کە سنوورە هاوبەشەکانی عێراق لەگەڵ سووریا بەتەواوەتی پارێزراوە، هەروەها لە هەڕەشەی تیرۆرستان و گرووپە چەکدار و داعشەکانی ناو سووریا پارێزراوە.
چی دەگوزەرێت لە سووریا...؟!
ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سووریا هێرشی کردەسەر شارەکانی حەلەب و ئیدلب لەباکووری سووریا و دەستیان بەسەر شاری حەلەبدا لە باکووری سووریا گرت و هەروەها دەستیان بەسەر شاری سەراقب دا گرت کە لە ڕووی ستراتیژییەوە گرنگە لەدوای شەڕێکی سەخت لەگەڵ هێزەکانی ڕژێمی سووریا و هاوپەیمانەکانیان، دواجار ئەمڕۆ یەکشەممە زۆرینەی شاری حەلەبی کۆنترۆڵکرد.
لەسەر ئەم ڕووداوانە، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: پاراستنی سەقامگیری لە ئیدلب و ناوچە سنوورەکانمان، وەک ئەولەویەتێک بۆ تورکیا دەمێنێتەوە.
دواجار ئەمڕۆ یەکشەممە 1ـی کانوونی یەکەمی 2024، روانگەی سوورى بۆ مافەکانى مرۆڤ ئاشکرایکرد، کە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا (ئەحرار ئەلشام - جولانی) کە لەلایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێت شاری حەلەبى گرتووە و سوپای سووریا لە تەواوی شارەکە کشاوەتەوە.
