سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئێران دۆخی سووریا تاوتوێ دەکەن
مەحەممەد شەیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران دەکات.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و ئێران تاوتوێکران و تاوتوێی پێشکەوتنی ڕووداوەکانی ناوچەکە بەتایبەتی ئەو ڕووداوانەی لە سووریادا ڕوودەدات و سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەوە کردەوە کە هەڵوێستی فەرمی و پتەوی عێراق لەگەڵ یەکڕیزی و ئاسایش و سەقامگیریی سووریایە و جەختیشی لەسەر گرنگی ڕێزگرتن لە سەروەری خاکی سووریا کردووە.
لەکاتی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 6ـی کانوونی یەکەم، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لەسەر بەردەوامی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی عێراق کردەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی قەیرانەکەی ئێستای سووریا بەهۆی کاریگەری ئاشکرای لەسەر ئاسایشی عێراق و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوەی لە سوزریا ڕوودەدات جیانەکراوەیە لەو ڕووداوانەی کەرتی غەززە و لوبنان کە هەڕەشەیان لە ئاسایشی ناوچەکە کردووە و ناسەقامگیریان کردووە.
