وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هاوڵاتیانی ئەمەریکی دەکات سووریا بەجیبهێڵن
ئەمڕۆ شەممە 7ـی کانوونی یەکەمی 2024، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا داوای لە هاووڵاتیانی کرد دەستبەجێ سووریا بەجێبهێڵن و ئاماژەی بە زیادبوونی پێکدادانی چەکداری لە سەرانسەری وڵاتەکەدا کرد و دۆخی ئەمنی ناسەقامگیر و پێشبینی نەکراو وەسڤ کرد.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا داوا لە هاووڵاتیانی ئەمەریکا دەکات ئێستا سووریا بەجێبهێڵن لەکاتێکدا بژاردەکانی گەشتی بازرگانی لە دیمەشق بەردەستن".
ئەو هاووڵاتییانەی کە بڕیار دەدەن بمێننەوە یان ناتوانن بڕۆن دەبێت پلانی فریاکەوتن ئامادە بکەن بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بارودۆخە مەترسیدارەکان و ئامادە بن بۆ ماوەیەکی درێژ لە شوێنەکانیان بمێننەوە.
ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە دێت کە لایەنە چەکدارەکان پێشڕەوییان لە پێکدادانەکانیان ئەنجامدا و بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە کۆنترۆڵی تەواوی خۆیان بەسەر شاری دەرعادا لە ناوەڕاستی سووریا ڕاگەیاند.
لەلایەکی ترەوە، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند، کە لانی کەم 370 هەزار کەس کە زۆربەیان ژن و منداڵن بەهۆی شەڕو پێکدادانەکانی ئێستای سووریا ئاوارەبوون.
