دوای کوشتنی هەرزەکارێک.. وڵاتی ئەلبانیا قەدەغەکردنی ئاپی تیکتۆک بۆ ماوەی ساڵێک ڕاگەیاند
وڵاتی ئەلبانیا قەدەغەکردنی ئاپی تیکتۆک بۆ ڤیدیۆر کورت بۆ ماوەی ساڵێک ڕاگەیاند، ئەمەش دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو هەرزەکارێکی تەمەن 14 ساڵی هاوڕێکەی خۆی کوشت.
سەرۆک وەزیرانی وڵاتی ئەلبانیا، ئێدی راما دوای کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمەڵێک دایک و باوکان و مامۆستایان لە سەرانسەری وڵات گوتی: قەدەغەکردنەکە بەشێکە لە پلانێکی فراوانتر بۆ سەلامەتکردنی قوتابخانەکان و لە سەرەتای ساڵی داهاتوودا جێبەجێ دەکرێت.
سەرۆک وەزیرانی ئەلبانیا دەشڵێت: "بۆ ماوەی یەک ساڵ، تیکتۆک بەتەواوی بەڕووی هەموواندا دادەخەین، لە ئەلبانیا تیکتۆک نابێت"، هەروەها تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتی تیکتۆکی تۆمەتبار کرد بە زیادبوونی حاڵەتەکانی توندوتیژی لەنێو گەنجان لە ناوەوە و دەرەوەی قوتابخانەکان.
ئەم بڕیارەی حکومەتی ئەلبانیا دوای ئەوە دێت کە لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوودا هاوپۆلێکی تەمەن 14 ساڵ بە چەقۆ لەلایەن هاوڕێیەکی کوژرا و میدیا ناوخۆییەکان بڵاویانکردەوە کە ڕووداوەکە دوای ناکۆکی نێوان ئەو دوو کوڕە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕوویداوە و ڤیدیۆیەک لە تیکتۆک بڵاوبووەتەوە کە تیایدا مێردمنداڵان پشتگیری کوشتن دەکەن لە ئەلبانیا.
لەلایەکی ترەوە، کۆمپانیای تیکتۆکی چینی دەڵێت: داوای "ڕوونکردنەوەی بەپەلە" لە حکومەتی ئەلبانیا کردووە و دەڵێت: "ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان نەدۆزیوەتەوە کە تاوانبار یان قوربانی بەهۆی تیکتۆکەوە بەشێوەیەکی راستەوخۆ تووشی ئەم ڕووداوە بوونە".
