بافڵ تاڵەبانی لە هەولێر پێشوازی لە شاندێکی باڵای دەم پارتی باکووری کوردستان کرد
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتیی لە هەولێر پێشوازیی لە وەفدێکی باڵای پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (دەم پارتی) کرد کە پێکهاتبوون لە تولای هاتیمۆغولاری ئۆروچ، هاوسەرۆکی دەم پارتی و کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان و ئەبرو گونای، جێگری هاوسەرۆکی دەم پارتی و لێپرسراوی پەیوەندییەکانی دەرەوە و بەردان ئۆزتورک، وتەبێژی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی دەم پارتی.
لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەت سووریا گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان و دوورکەوتنەوە لە بژاردەی شەڕ کرایەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی مەکتەبی ڕاگەیاندنی سەرۆکی یەکێتیی، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جەختیان لە پاراستنی مافەکان و رێزگرتن لە ئیرادەی سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەکانی سووریا بەتایبەت گەلی کورد کردەوە، داواشکرا هەمووان پێکەوە بە یەکسانی بڕیار لە چارەنووسی وڵاتەکە بدەن و قۆناغێکی نوێی حوکمڕانی بهێننە کایەوە.
بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند، پشتیوانیی هەموو ئەو هەوڵانە دەکەین کە ئامانجەکەی پاراستنی مافەکانی گەلی کوردە لە سووریا، پاڵپشتیی گەلەکەشمان دەکەین لە رۆژئاوا بۆ سەرخستنی ئامانجەکانیان. هەروەها هەوڵەکانی بەڕێز مەزڵوم عەبدی لەم قۆناغە هەستیارەدا بۆ پاراستنی ئارامیی ناوچەکە بەرزدەنرخێنین و هیوادارین هەموولایەک بەهەمان رۆحییەتەوە هەوڵ بۆ چارەسەری کێشەکان بدەن.
لەبەرامبەردا وەفدی باڵای دەم پارتی پێزانینیان بۆ هەڵوێستی کوردستانییانەی سەرۆک بافڵ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربڕی کە وەک هەمیشە هاوکار و پشتیوانبوون بۆ پاراستنی مافی کورد و روونیان کردەوە، دەم پارتی بە سیاسەتێکی نیشتمانییانەوە کار بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری دەکات، بێگومان هەوڵەکانیشمان لەپێناو پاراستنی مافەکانی گەلی کورد لە سووریا بەردەوامدەبێت.
