شاندێکی عێراقی بەسەرۆکایەتیی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق سەردانی پایتەختی سووریایان کرد
وتەبێژی حکوومەتی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ـی کانوونی یەکەمی 2024 لە لێدوانێکی میدیایدا ڕایگەیاندووە، شاندێکی عێراقی بەسەرۆکایەتیی حەمید شەتری، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق سەردانی دیمەشق-ی پایتەختی سووریایان کرد.
باسم عەوادی، وتەبێژی حکوومەتی عێراق باسی لەوەشکرد، ئەو شاندە عێراقییە لە کۆشکی "شەعب" لەگەڵ ئەحمەد شەرع (ئەبو محەممەد جۆلانی)، فەرماندەی گشتیی ئیدارەی نوێی سووریا کۆبووەوە.
عەوادی وتیشی: لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهاتەکانی سووریا و ئاسایش و سەقامگیری لەسەر سنووری هاوبەشی نێوان عێراق و سووریا تاوتوێ کرا.
ئـەمە یەکەم سەردانی شاندێکی عێراقیی فەرمیە بۆ سووریا لـەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد و گرتنی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە تورکیا بەسەرکردایەتی ئەحمەد شەرع، ناسراو بە (ئەبو محەممەد جۆلانی) سەرۆکی چەکدارانی دەستەی تەحریر شام.
