ژمارەی قوربانیانی تێکشکانی فڕۆکەی مەدەنی لە فڕۆکەخانەیەکی کۆریای باشوور بۆ 167 کەس بەرزبووەتەوە
بەڕێوبەرایەتی ئاگرکوژێنەوەی کۆریای باشوور ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند کە ژمارەی قوربانیانی تێکشکانی فڕۆکەی مەدەنی لە فڕۆکەخانەی موان بۆ 167 کەس بەرزبووەتەوە.
ئەمەش لەکاتێکدا پێشتر ئاژانسی هەواڵی کۆریای باشوور هەڵگرتنی باری نائاسایی لە فڕۆکەخانەی موان پشتڕاستکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە کاربەدەستانی ئاگرکوژێنەوە ئاگرێکیان لە فڕۆکەخانەی موان کوژاندووەتەوە کە بەهۆی لادانی فڕۆکەیەک لە هێڵی فڕین و تێکشکانی لە فڕۆکەخانەکە ڕوویداوە.
زانیاری زیاتر...
لەئەنجامی تێکشکانی فڕۆکەیەک لە کۆریای باشوور زیاتر لە 160 کەس گیانیان لەدەستدا، دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەش پێشبینی دەکەن ژمارەی قوربانییەکان بەرزبێتەوە.
دەسەڵاتدارانی فڕۆکەوانی کۆریای باشور ڕایانگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2024، فڕۆکەیەکی سەر بە کۆمپانیای چیچۆ لەکاتی نیشتنەوەیدا لە فڕۆکەخانەی موان-ی لە باشووری رۆژئاوای کۆریای باشوور لەسەر ڕێگەی نیشتنەوەی خۆی لایداوە و لەئەنجامی بەرکەوتنی لەگەڵ دیوارێکی کۆنکرێتی ئاگری گرتووە و بەو هۆیەوە تەواوەتی فڕۆکەکە سوتاوە.
لە زانیاریە میدیا ناوخۆییەکانی کۆریای باشوور ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، فڕۆکەکە لە شاری بانکۆکی پایتەختی تایلاندەوە هاتووە و 181 سەرنشینی تێدا بووە.
دوای ڕووداوەکەش، سەرۆکی کۆریای باشوور کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامدا سەبارەت بە تێکشکاندنی ئەو فڕۆکەیە لەکاتی نیشتنەوەیدا لە فڕۆکەخانەی موان لە باشووری ڕۆژئاوای سیئۆل.
کاربەدەستانی کۆریای باشوور ڕایانگەیاند کە ژمارەی قوربانیانی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موان لە باشووری ڕۆژئاوای کۆریای باشوور گەیشتووەتە 167 کەس.
