یەکێتیی لە وەڵامی نووسەرێکی پارتی: سلێمانی بەقەد باڵای پیرەمەگرون بە سەربەرزیی دەمێنێتەوە
بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێت: فشاری سەر سلێمانی هەمیشە هەر مایەپوچ بووە، دەشڵێت: بە سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی نەک فشار ناخرێتە سەر سلێمانی، بەڵكو كۆتایی بە فشارەكانی ئێوە دێت و سلێمانی بەقەد باڵای پیرەمەگرون بە سەربەرزیی دەمێنێتەوە.
بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وەڵامی لێدوانێكی نووسەری نزیک لە پارتی بەناوی سەرۆ قادر دەڵێت، سەرۆ قادری پرۆفیسۆر و داهێنەری زمانی زبری پارتی لە دیدارێكی تەلەفزیۆنیدا و لەسەر شاشەی كەناڵێكی رەسمی ئەو حزبە، وەک هەمیشە ناخی خۆی و ڕقی سیاسی بەرامبەر بە سلێمانی خستەڕوو و لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ میدیای K24ـی سەر بە پارتی وتوویەتی، "تەنها فشار ناخرێتە سەر حەشدی شەعبی، بەڵكو فشار دەخرێتە سەر سلێمانیش".
بۆردی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژەی بەوەشكردووەتەوە، لەسەر ئەم قسە بێسەر و بەرە و نابەرپرسیارانەی سەرۆ قادر و هاوئاوازەكانی، ئێمە وەكو بەشی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی بۆردی راگەیاندنی یەكێتی، بەلای ئێمەوە ئەم جۆرە قسانە شتێكی تازە و نامۆ نین و نامانەوێت وەڵامی بدەینەوە، تەنها بەسەرۆ قادر دەڵێین، ئێوە تاكەی تێرنابن لە فشارخستنە سەر سلێمانی؟، ئێوە بەو فشارخستنە سەر سلێمانی چ شتێكتان دەست كەوتووە؟، ئەوەی لەتوانای ئێوەدابوو لە حەوت ساڵی رابردوودا بە پێدانی زانیاری ناڕاست و راپۆرتی چەواشەكاری بەمەرامی فشارخستنە سەر سلێمانی و پەكخستنی فڕۆكەخانەی سلێمانی كردتان، ئەوەی لەتوانای ئێوەدابوو لە پەكخستنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و جیاكاریی نێوان شارەكاندا و فشارخستنە سەر سلێمانی كردتان.
بۆردی راگەیاندنی یەكێتی لەكۆتایدا تەئكیدی لەوەكردووەتەوە، ئێستا لەگەڵ هاتنە پێشەوەی هەندێك پێشهات و گۆڕانكاری، بەتایبەتی بابەتی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا و سوریا و هەوڵدان بۆچارەسەركردنی پرسی كورد لەرێی ئاشتی و دانوستانەوە لەو دوو وڵاتە، بە سەركەوتنی پرۆسەی ئاشتی نەك فشار ناخرێتە سەر سلێمانی، بەڵكو كۆتایی بە فشارەكانی ئێوە دێت و سلێمانی بەقەد باڵای پیرەمەگرون بە سەربەرزیی دەمێنێتەوە.
