وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئەڵمانیا گەیشتنە دیمەشق و لەگەڵ ئیدارەی نوێی سووریا كۆدەبنەوە
بەیانی ئەمڕۆ هەینی، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گەیشتنە دیمەشقی پایتەختی سووریا.
بڕیارە هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و فەرەنسا لەگەڵ ئەحمەد شەرع ناسراو بە (جۆلانی)، سەرۆکی نوێی ئیدارەی سووریا دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد کۆببنەوە و لەبارەی دۆخی سووریا و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان گفتوگۆ بکەن.
هەروەها وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاندووە، وەک فەرەنسا ئامادەین پاڵپشتی دەسەڵاتی نوێی سووریا بکەین بۆ نووسینی دەستوور و یاساکان، هەروەها فەرەنسا و ئەڵمانیا پێكەوە لەپاڵ گەلی سووریا بەهەموو پێكهاتەكانییەوە دەوەستن.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا وتیشی: دەمانەوێت پڕۆسەی قۆناغی گواستنەوەی ئاشتیانەی دەسەڵات لە سووریا بەهێز بكەین بەشێوەیەک كە خزمەتی سوورییەكان بكات.
هاوکات لە سەردانەکەی بۆ پایتەختی سووریا، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا سەردانی کڵێسە و پێکهاتەی کریستیان لە سووریا کرد، بۆ ئاگاداربوون لە حاڵەتییان دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی ڕابردوودا.
