پارێزگای هەولێر ئاماری پشووی سەری ساڵی 2025 ئاشکرا کرد
پارێزگای هەولێر ئاماری پشووی سەری ساڵی 2025 ئاشکرا کرد.
پارێزگاری هەولێر لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، بەپێی ئەو بەرنامە و ئامادەکاری و پلانانەی بۆ پێشوازیکردن لە سەرى ساڵى نوێ لەلایەن پارێزگای هەولێر لە 2024.12.25 تاوەکو 2025.1.1 ئامادەکرابوو، سەرجەم ڕێکار و ئامادەکارییەکان وەک چۆن داڕێژرابوو لە پێناو ئارامی و ئاسایشی شار و پاراستنی سەروماڵ و سەلامەتی گیانی هاوڵاتییان بەسەرکەوتوویی و وەکو خۆى و بەبێ هیچ گیر و گرفتێک جێبەجێ کرا، بەوشێوەیەی خوارەوە:
یەکەم/ گەشت و گوزار: لەلایەن بەرێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر لە سنووری پارێزگای هەولێر، چەندین لێژنەی تایبەت پێکهێنرا بە مەبەستی چاودێریکردن و بەدواداچوون بۆ بنکە و ناوچە گەشتیارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بە ڕووی گەشتیاران و پێکهێنانی لیژنەى تایبەت بۆ پێشوازی کردن لە گەشتیاران لە بازگەکانی دەروازەکانی سنوورى پارێزگاى هەولێر و چاودێریکردن و دابین کردنی خزمەتگوزاریی لە سەیرانگاکان و شوێنە گەشتیارییەکان و میوانخانە و چێشتخانەکان، لە 2024.12.25 تاوەکو 2025.1.1، (63 هەزار و 411) گەشتیار لە بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر سەردانی پارێزگای هەولێریان کردووە.
دووەم/ هاتووچۆی هەولێر: پلانی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر چۆن داڕێژرابوو تەواوی بڕگەکانی بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران، سەبارەت بە ڕووداوەکانى هاتووچۆ، بەهۆى پابەند نەبوون بە یاساکان و خێرا لێخوڕین 26 ڕووداوى هاتووچۆ ڕوویانداوە، کە بەداخەوە بەهۆیانەوە 1 کەس گیانیان لەدەستدا و 14 کەسى دیکەش برینداربوونە.
سێیەم/ ئاسایشی هەولێر: بەپێی ئەو پلان و ئامادەکاریانەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر داڕێژرابوو، وەکو خۆی و بەبێ هیچ گرفتێک جێبەجێکران و بۆ هەرحاڵەتێکی پێویستیش، سەرجەم هێزەکانی ئاسایش لە ئەرک دابوون.
چوارەم/ پۆلیسی هەولێر: پلانی ئەمنی بۆ پاراستنی سەروماڵ و گیانی هاوڵاتییان و ئامادەباشی سەرجەم هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بەبێ هیچ گیر و گرفتێک تەواوی بڕگەکانی وەک خۆى جێبەجێکران، 135 حاڵەت و تاوانى جۆراوجۆر ئەنجامدراوە، 129 حاڵەت و تاوان ئاشکراکراوە و تاوانباران و ئەنجامدران دەستگیر کراون و 6 تاوانیش لەژێر لێکۆلینەوەدایە.
پێنجەم/ بەرگری شارستانی:-
تەواوی بنکەکانی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر لە ئەرک دابوون، لە 2024.12.25 تاوەکو 2025.1.1، 12 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە هەبووە، حاڵەتەکانیش لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە کۆنترۆڵکراون و جگە لە زیانی ماددی، هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
شەشەم/ بەڕێوەبەرایەتى گشتیى تەندروستى: تەواوى تیمە تەندروستیەکان و نەخۆشخانەکان لە ئەرک دابوونە، لە 2024.12.25 تاوەکو 2025.1.1، 16,100 نەخۆش سەردانى نەخۆشخانەگشتییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێریان کردووە، 225 نەشتەرگەرى گەورە و 533 نەشتەری بچووک ئەنجامدراوە، 865 نەخۆش سەردانی نەخۆشخانەی لەدایک بوونیان کردووە و 414 منداڵ لەدایک بووە، 1,269 نەخۆش لە نەخۆشخانەی نانەکەلی و سەنتەری ئاوات چارەسەریان وەرگرتووە و 4٫221 هاوڵاتیش بۆ وەرگرتنی چارەسەر سەردانی سەنتەری دڵیان کردووە.
