پلەی گەرمی نزم دەبێتەوە و لە ناوچە شاخاوییە جیاجیاکانی هەرێم نمەباران و بەفر دەبارێت
کەشناسیی هەرێم پێشبینی دەکات لە سبەینێ یەکشەممەوە لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێم نمەباران و بەفر دەبارێن.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانیی هەرێم لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە ئاسمان ساماڵ دەبێت لەگەڵ درووستبونی هەندێک پەڵەهەور، پلەی گەرمی بە 1 بۆ 2 پلەی سیلیزی بەراورد بە تۆمارکراوەکانى دوێنێ هەینی نزمدەبێتەوە.
کەشناسیی هەرێم دەشڵێت، سبەی یەکشەممە ئاسمان ساماڵ و نیمچەهەور دەبێت لە کاتەکانی ئێوارەدا دەگۆڕێت بۆ هەوری تەواو لەگەڵ ئەگەری بارینی نمەباران بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەکان وە هەروەها بارینی بەفرێکی کەم لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان، پلەی گەرمی لە تۆمارکراوەکانى ئەمڕۆ نزیکدەبێتەوە.
بەرزترین پلەی گەرمیی پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی، هەولێر 15 پلەى سیلیزى، سلێمانی 14 پلە، دهۆک 14 پلە، کەرکووک 16 پلەى سیلیزى و هەڵەبجە 14 پلەى سیلیزى، هەروەها زاخۆ 15 پلە و حاجی ئۆمەران 5 پلەى سیلیزى.
