هاوڵاتییەکی عەرەب لە هەولێر دەستگیرکرا کە بەبیانووی وەرگرتنی ڤیزەی ئەمریکا خەڵکی هەلخەڵەتاندووە
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، تۆمەتبارێکی بەڕەچەڵەک عەرەبی بەناوی (س. م. ف) دەستگیر کرد، کەوا ئەم تۆمەتبارە بە شێوەی گرووپ کاری کردووە بۆ هەڵخەڵەتاندن و فێڵکردن لە خەڵک لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە، بە بیانووی ئەوەی کەوا گوایە ڤیزایان بۆ وەردەگرێت و دەیانباتە ئەمریکا، کە وا خۆی نیشانداوە هەماهەنگیی لەگەڵ کۆنسوڵخانەی ئەمریکی و چەند بەرپرسێکی عێراقی هەیە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاندووە، دوای تۆمارکردنی سکاڵا، تیمەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر زانیارییان بەدەستهێنا و دەستیان بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد و چڕ کرد، لە ئەنجامدا توانرا تۆمەتباری ناوهاتوو لەکاتی وەرگرتنی پارە لە یەکێک لە دادخوازەکان دەستگیر بکرێت، کە دانی نا بە تاوانەکەیدا، بۆیە بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوە و بەپێی ماددە 456ـی لە یاسای سزادان، ڕادەستی دادگا کرا.
