مەزڵووم عەبدی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی ئاشکرا دەکات
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعود بارزانی ئاشکرا دەکات و دەڵێت: جەختمان لە یەکهەڵوێستیی کورد لە سووریا کردەوە.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە لەو بارەیەوە، لە پۆستێکی ئێکس دا نووسیویەتی: "کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی جێگای دڵخۆشی بوو."
لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش دەڵێت: "باسی ئەو گۆڕانکارییانەمان کرد کە سووریا پێیدا تێدەپەڕێت و پێکەوە جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە هەڵوێستی کوردان لە سووریا یەک بێت و دەبێت ئەو دیالۆگەی لەگەڵ شام دەکرێت، بە شێوەیەکی ئاشتییانە مافی گەلی کورد بپارێزێت. هەروەها جەختمان لەوە کردەوە کە گرنگیی یەکێتیی کورد و ئارامیی ناوچەکە بەگشتی بەرپرسیارێتیی هەموومانە و پێکەوە هاوکار دەبین."
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، 16ی کانوونی دووەمی 2025، لە پیرمام مەسعود بارزانی پێشوازی لە مەزڵووم عەبدی کرد.
