ئەردۆگان: هەمو جوگرافیایەکدا لە سوریاوە تا غەززە ئامادەین
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆكی توركیا ڕایگەیاند، ئەوان لە سوریا و غەززە ئامادەن و دەستتێوەردان دەكەن لەو روداوەكانەی كە لە ناوچەكەدا ڕودەدەن، بەدواداچون بۆ پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەن، دەشڵێت، "گۆڕانکاری مێژویی لەو جوگرافیایەی ڕودەدات کە جێگەی خۆی لە ناخی ئێمەدا هەیە، هەوڵدەدەین بۆ بەڕێوەبردنیان بە شێوەیەک كە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەمان بێت".
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، ئەمڕۆ هەینی لە میانەی وتارێكدا لە هەشتەمین کۆنفرانسی پارتی داد و گەشەپێدان لە شاری قۆنیا ڕایگەیاند، "بەدواداچون بۆ ئەو ڕوداو و پێشهاتە گەورەکان دەکەین کە لە ناوچەکە و جیهاندا ڕودەدەن، گۆڕانکاری مێژویی ڕودەدات لەو جوگرافیایەی کە جێگەی خۆی لە ناخی ئێمەدا هەیە، هەوڵدەدەین بۆ بەڕێوەبردنیان بە شێوەیەک كە لە بەرژەوەندی وڵاتەکەمان بێت، لەسەر بنەمای دید و عەقڵێکی ستراتیژی".
ئاماژەی بەوەشكرد، "ئێمە لە هەمو جوگرافیایەکدا، لە سوریاوە تا غەززە، ئامادەین و بەشداری ڕوداوەکان دەکەین و دەستوەردانیان تێدا دەکەین، شانبەشانی ستەملێکراو و قوربانییەکان، ئێمە سات بە سات بەدواداچون بۆ پێشهاتە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دەکەین".
ئەردۆگان لە وتارەكەیدا هێرشی توندی كردە سەر ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەكەی و وتی، "ڕابردوی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا بەتەواوی خاڵییە لە پڕۆژە و دەستکەوت، ئەوان یەک وشەیان نەوت سەبارەت بە کۆمەڵکوژییەكانی ڕژێمی سوریا، یەک وشەشیان لە دژی ئیسرائیل نەگوت، بەڵکو ڕەخنەیان لە حەماس گرت".
ئەوەشی خستەڕو، "جەهەپە هەوڵی نەداوە بۆ تێگەیشتن لە هیوا، ئازار و ئامانجەکانی گەلی تورکیا، من بە سەرۆکی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا دەڵێم؛ هیچ مافێکت نییە ڕێگری لە جێبەجێکردنی یاسا و مافەکان بكەیت و فشار بخەیتە سەر دەسەڵاتی دادوەری، هەڕەشەكردن لە دادوەرەکان بەهیچ ئەنجامێک ناگات".
