دارایی پەرلەمان: هەمواری بودجە دەبێتە سەرەتایەك بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدادو هەولێر
عەتوان عەتوانی، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە هەمواری بودجەدا جێگەی ئەو بڕگانە دەكەینەوە رێگری لە خۆدزینەوە و هەڵهاتن لە پابەندیەكان دەكەن و پێویستە هەرێم پابەندبێت بە هەناردەكردنی نەوتەكەی لەڕێی سۆمۆوە، دەشڵێت، "هەمواری بودجە دەبێتە سەرەتایەك بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدادو هەولێر".
لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، "لیژنەی دارایی پەرلەمان کۆبونەوەیەکی فراوانی بە سەرۆکایەتی عەتوان عەتوانی ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی سێ ساڵەی پێشنیازی حکومەت، کە بەرنامەی کاری دانیشتنی سبەینێی لەخۆی گرتوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆبونەوەكدا رێگاكانی ئامادەكردنی هەموارە حكومیە پێشنیازكراوەكەی تایبەت بە بڕگەی /12 لە یاسای بودجەی گشتی باسكرا، بەجۆرێك زامنی چارەسەری كێشەی تێچوی بەرهەمی نەوتی هەرێمی كوردستان بكات، وەك سەرەتایەك بۆ یەكلاكردنەوەی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغدا و هەولێر.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، كۆبونەوەكە، میكانیزمەكانی رێكخستنی پەیوەندی یاسایی نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتیەكانی كێڵگەكانی هەرێم خستەڕو، لەڕێی جێكردنەوەی ئەو بڕگانەی كە هەموان پابەند دەكات بە جێبەجێكردنی و داخستنی دەروازەكانی خۆدزینەوەو هەڵهاتن، لە بەجێگەیاندنی پابەندیە دەستورییەكان بەگوێرەی ماوەی زەمەنی دیاریكراو.
ئەوەشی خستەڕو، پێداگرن لە پێویستی پابەندبونی حكومەتی هەرێم بە هەناردەكردنی نەوتەكەی لەڕێی سۆمۆوەو، ئاگاداركردنەوەی حكومەتی فیدراڵی لە گرێبەستە نەوتیەكانی و بەشداریپێكردنی لە ئیدارەدانی كێڵگەكان.
