رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دیاریکرا
بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە.
سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، بە میدیاکانی راگەیاند، سەرۆکی کاتیی پەرلەمان بانگهێشتی لایەنەکانی کردووە بۆ کۆبوونەوە و ئێمەش لەلایەن دیوانی پەرلەمانەوە راسپێردراوین ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەکە بکەین.
باسی لەوەشکرد، ئامادەکاری کراوە و کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی چوارشەممەی داهاتوو بۆ بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە دیاریکراوە، بەڵام نازانرێت ئامادەبووان رێژەی یاسایی تەواودەکەن یان نا.
سامان ئەحمەد ئەوەشی وت، کۆبوونەوەکە درێژکراوەی کۆبوونەوەی یەکەمە، چونکە ئەو کۆبوونەوەیە بەکراوەیی ماوەتەوە و تایبەتە بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
رۆژی 2ی کانوونی یەکەمی 2024 ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد و کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە کراوەیی هەڵگیرا.
