گۆتێرێس: داوا دەکەین دڵنیابن لەوەی ئاگربەست لە غەززە ببێتە هەمیشەیی
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە جەختی لە گرنگی گەیشتن بە سەقامگیری و ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردەوە، هاوکات داوای کرد کە ئاگربەست لە غەززە ببێتە هەمیشەیی.
گۆتێرێس لە وتارێکدا وتی: ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە قۆناغێکی گۆڕانکاری قووڵدا تێدەپەڕێت.
ناوبراو وتیشی: بەرەبەیانێکی نوێ لە لوبنان سەرهەڵدەدات و هێزەکانی یونیفیل پابەندن بە پشتیوانیکردنی گەلی لوبنان، هیوای خۆی دەربڕی کە "ئاوارەی هەردوو دیوی سنووری نێوان لوبنان و قەوارەی زایۆنی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".
گۆتێرێس ئاماژەی بەوەدا کە "ئاگربەستی نێوان لوبنان و ئەو قەوارەیە ناسکە بەڵام بەردەوامە"، ئاماژەی بەوەشکرد "گرنگە بۆ سوپای لوبنان هەموو خاکی لوبنان کۆنترۆڵ بکات".
گۆتێرێس لە کۆتاییدا وتی: داوا لە لایەنەکانی ململانێی غەززە دەکەم دڵنیابن لەوەی ئاگربەستەکە ببێتە هەمیشەیی و دەبێتە هۆی ئازادکردنی هەموو بارمتەکان”، بانگەوازەکەی دووپاتکردەوە بۆ “دڵنیابوون لەوەی ئاگربەست دەبێتە هۆی ئاشتییەکی هەمیشەیی”.
