ئەنچیلۆتی بڕیاری جێهێشتنی ریاڵ مەدریدی داوە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا
ئەنچیلۆتی بڕیاری جێهێشتنی ریاڵ مەدریدی داوە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ئەگەر سەرجەم نازناوەکانیش بەدەستبهێنێت.
رادیۆی ئۆندا سیرۆ لە هەواڵێکی چاوەڕوان نەکراودا باسی لە چارەنووسی کارلۆئەنچیلۆتی راهێنەری ئیتاڵی لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی کرد و هاندەرانی ئەو یانەیەی شۆککرد.
رادیۆکە ئاشکرایکردووە، ئەنچیلۆتی بڕیاریداوە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی شاهانە جێبهێڵێت ئەگەر لە کۆتایی وەرزیشدا هەرچییەک روبدات.
ئاماژەی بەوەشداوە، راهێنەرە ئیتاڵیەکە لەو بڕیارەی پەشیمان نابێتەوە ئەگەر تەنانەت سەرجەم نازناوەکانی ئەم وەرزە کە چامپیۆنز لیگ و خولی ئیسپانیا و جامی شای ئیسپانیان لەگەڵ ریاڵ مەدرید بەدەستبهێنێت.
دەشڵێت، ئەگەر بەرپرسانی یانەی شاهانەش ئۆفەری پێشکەش بکەن بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی ئەوا بە هیچ جۆریک رازی نابێت و لەو یانەیە دەڕوات لە کاتێکدا گرێبەستەکەی ئێستای لە هاوینی ساڵی 2026 کۆتاییدێت.
رونیشکردووەتەوە، لە کاتی رۆیشتنی ئەنچیلۆتی ئەوا بە دڵنیاییەوە وەرزی داهاتوو چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری ئێستای لیڤەرکوزن دەبێتە شوێنگرەوەی لە یانە ئیسپانیەکە.
رادیۆکە لە کۆتاییدا دڵنیاییداوە لەوەی کە راهێنەرە ئیتاڵیەکە دوای جێهێشتنی ریاڵ مەدرید بە هیچ شێوەیەک بیر لە وازهێنان ناکاتەوە بەڵکو لە خولێکی تر درێژە بەو کارە دەدات.
