مەسعود بارزانی لەکەڵ دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا کۆبووە
مەسعود بارزانی پێشوازی لە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد (ئەنەکەسە) لە سووریا دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 21ـی کانوونی دوومی 2025 لە سەلاحەددین، مەسعود بارزانی پێشوازی لە دەستەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد-ئەنەکەسە لە سووریا کرد.
بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی مەکتەبی ڕاگەیاندنی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە دیدارەکەدا بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی سووریا و دەرئەنجامەکانی گفتوگۆ و لەیەکنزیکبوونەوەی لایەنە کوردییەکانی سووریا و سەردانی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات مەزڵوم عەبدی بۆ لای مەسعود بارزانی تاوتوێ کرا.
پێشتر، لە سەرتای ئەم مانگە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی سەرکردایەتیی ئەنەکەسە (پارتی ڕۆژئاوای کوردستان) کرد.
لە دیدارەکەدا بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی هاوبەش، بیروڕا لەبارەی بارودۆخ و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سووریا و هەروەها هەڵوێستی لایەنە کوردییەکان لەمەڕ گۆڕانکارییەکانی ئێستا ئاڵوگۆڕکرا.
