شۆفێرێک لە کەربەلا دەستگیرکرا کە سێ کچی شێلاند و بووە هۆی گیانی لەدەستدانی یەکێکیان
ڕۆژی شەممە، پۆلیسی فریاگوزاری لە پارێزگای کەربەلا توانیان شۆفێرێک دەستگیربکەن کە تۆمەتبارە بە شێلانی سێ کچ و لەئەنجامدا یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و دواتر هەڵهاتبوو.
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای کەربەلا لە ناوەڕاستی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، "فەرماندەی پۆلیس لیوا ئەحمەد عەلی زووەینی فەرمانی بە هەموو هێزە ئەمنییەکان کردووە کە بەدوای تۆمەتبارەکەدا بکەون و بەدوای ئۆتۆمبێلەکەیدا بکەون و وەسفەکانی لە ڕێگەی کۆنترۆڵی ناوەندییەوە بۆ هەموو بازگەکان بڵاو بکەنەوە."
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "مەفرەزەکانی فریاگوزاری دوای هەوڵێکی چڕ و بڵاوەپێکردنی ئەمنی فراوان توانیان تۆمەتبارەکە دەستگیربکەن و ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن بۆ تەواوکردنی ڕێوشوێنە یاساییەکانی دژی".
پۆلیسی کەربەلا لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە "بە هەموو ڕاستگۆیی و دڵسۆزییەوە بەردەوامە لە جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکانی، لە هەوڵێکدا بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی کۆمەڵگا و سەپاندنی سەروەری یاسا" و داوای لە هاووڵاتیان کرد "هاوکاری دەزگا ئەمنییەکان بکەن بۆ تۆمارکردنی هەر سەرپێچییەک کە هەڕەشە لە سەقامگیری پارێزگاکە بکات".
