مەشهەدانی جەخت لەسەر گرنگی هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنییە جیاوازەکان دەکاتەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی بەغدا
مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران جەختی لە گرنگی هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنییە جیاوازەکان کردەوە بۆ پاراستن و پتەوکردنی ئاسایشی بەغدا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەکدا کەدەستی ئاژانسی "موتەڵع" گەیشتووە ڕایگەیاندووە، کە:مەحمود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران، پێشوازی لە لیوا وەلید تەمیمی فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی بەغدا کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا باس لە ئاڵنگارییە ئەمنییەکانی بەردەم بەغدا و پشتێنەکەی کرا، هەروەها ئەو هەوڵانەی دراون بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پتەوکردنی هاوکاریی نێوان هێزە ئەمنییەکان و خەڵکی پایتەخت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران جەختی لە: "گرنگی هەماهەنگی نێوان دەزگا ئەمنییە جیاوازەکان و هاووڵاتیان بۆ پتەوکردنی سەقامگیری و پاراستن و بەهێزکردنی ئاسایشی بەغدا"کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە: "سەرۆک مەشهەدانی گوێی لەو بۆچوونانە گرت کە لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانەوە پێشکەشکرا و پلانەکانی داهاتوو بۆ پتەوکردنی ئاسایش لە جەرگەی پایتەخت و کارکردن بۆ پاراستنی پشتێنەی بەغدا لە دزەکردنی تیرۆریستان. هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو هەوڵانە کرا کە دراون بۆ پتەوکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە بەغدا و پشتێنەکەی”.
