سەرۆک کۆمار : گەشتوگوزار پردی پەیوەندی نێوان کلتوری گەلانە
د.لەتیف جەمال ڕەشید سەرۆک کۆمار، ئەمڕۆ یەکشەممە، جەختیکردەوە ، گەشتوگوزار پردی پەیوەندی نێوان کلتوری گەلانە
سەرۆکایەتی کۆمار لەڕاگەیەندراوێکدا کەئاژانسی موتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە بڵاویکردەوە سەرۆک کۆمار د.لەتیف جەمال ڕەشید، لەکۆشکی سەلام لەبەغداد، پێشوازیکرد لەشەریف فەتحی وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەواری میسر و دکتۆر بەندەر بن فەهد ئال فەهید، سەرۆکی ڕێکخراوی گەشتوگوزاری عەرەبی و دکتۆر بەهجت ئەبو نەسر بەڕێوەبەری گشتی گواستنەوە وگەشتوگوزار لەکۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بەئامادەبوونی دکتۆر ئەحمەد فەکاک ئەلبەدرانی وەزیری ڕۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە سەرەتای دیدارەکەدا وەزیری گەشتوگوزار و شوێنەوارەکانی میسر سڵاوی سەرۆکی میسر عەبدولفەتاح سیسی گەیاندە سەرۆک کۆمار، هەروەها پیرۆزبایی خۆی بۆ هەڵبژاردنی بەغدا وەک پایتەختی گەشتیاری عەرەبی بۆ ساڵی 2025. هاوکات سەرۆک کۆمار، وەزیری میسری ڕاسپارد بە گەیاندنی سڵاوی بەڕێزیان بەهاوتا میسرییەکەی، و هیوای بەردەوامیی پێشکەوتن و خۆشگوزەرانی بۆ گەلی میسر خواست.
لەدیدارەکەدا باس لە گرنگی فراوانکردنی ئاسۆی هاریکاری بۆ پاڵپشتیکردنی هەوڵە هاوبەشەکانی سەرخستنی پرۆسەی بەغداد وەک پایتەختی گەشتیاری عەرەبی و بەرزکردنەوەی ئاستی گەشتوگوزار کرا، وەک کەرتێکی گرنگی ئابووری و کلتووری بەشێوەیەک کەپێگەی عێراق لەسەر نەخشەی گەشتوگوزاری عەرەبی و نێودەوڵەتی بەهێز بکات.
بەڕێزیان جەختی لەوە کردەوە کە گەشتوگوزار لەکەرتێکی ئابووری و پردی پەیوەندی نێوان گەلان و کلتوورەکان تێدەپەڕێت و دەرفەتی لێکتێگەیشتن و هاوکاری بەهێز دەکات، ڕوونیشیکردەوە کەعێراق پێشوازی لەهەموو هەوڵێک دەکات کەپاڵپشتی پەیوەندییە کلتووری و ئابوورییەکانی نێوان وڵاتان بکات.
لەبەرامبەردا میوانەکان ئاماژەیان بەوە کرد کەهەڵبژاردنی بەغداد وەک پایتەختی گەشتوگوزاری عەرەبی دەبێتە دەستپێک بۆ پێشکەوتنی گەشتوگوزار لەعێراق و ناوچەکە و دوپاتکردنەوەی پێگەی بەغدادیش وەک شوێنێکی پێشەنگی گەشتیاری لەسەر ئاستی عەرەبی و نێودەوڵەتیدا و خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانکردنی بەغداد دەربڕی و هیوای بەردەوامی سەقامگیری ئاسایشیان بۆ گەلی عێراق خواست.
