یەکێتیی: كێشەی مامۆستایان لە خوتوخۆڕایی درێژبۆوە و پەیوەستە بەیەكجاری و چارەسەر بكرێت
راگەیەندراوێک لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەبارەت بە خۆپشاندانی مامۆستایان.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 3ی 2ی 2025، ڕایگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانێكی ڕاستوڕەوانی هەموو داخوازییەكی رەوای مامۆستایان و هەموو چین و توێژێكی كوردستانە كە داكۆكی لە مووچەو گوزەرانی شەرافەتمەندانە و سەربەرزانەی خۆیان دەكەن. هەر لەم چوارچێوەیەشدا بافڵ تاڵەبانی كۆتایی بە سەفەرەكەی لە ئەمریكا هێنا بۆ ئەوەی لەنزیكەوە گوشار بخاتەسەر حكومەتی هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەری یەكجارەكی ئەم ئیستحقاقەی هاوڵاتیان بكات.
وەک یەكێتی نیشتمانیی كوردستان پێمانوایە مانگرتن و چالاكی جۆراوجۆری مەدەنی مامۆستایان و فەرمانبەران لە پارێزگای سلێمانیی، لە پێناو مووچە و قووتی منداڵەكانیان و دڵنیایی وەرگرتن لەو بارەیەوە ویستێكی مەدەنی دادپەروەرانەیە، چونكە دیاردەی دواكەوتن و دواخستنی مووچە هیچ بیانوویەک هەڵناگرێت. بەتایبەتی كە بڕیارەكانی دادگای ئیتحادی لەسەر ئیستحقاقی مووچە ڕوون و ئاشكران و پێویستە ئەم ئیلتیزامە هاوبەشەی حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕالی دوور لە دەست شكاندنەوەی سیاسیی جێبەجێبكرێت.
مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت: "پێویستە ئەم كێشە لە خوتوخۆڕایی درێژبۆوە بە یەكجاری و لە ڕیشەوە چارەسەر بكرێت".
ئەمەش لەکاتێکدا، لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممەوە 3ـی شوباتی 2025، هەزاران هاوڵاتی و مامۆستای شار و شارۆچکەکانی پارێزگای سلێمانی ڕوویان لەشاری سلێمانی کرد بۆ ئەنجامدانی خۆپشاندانێکی فراوان دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هاوکات، ماوەی حەوت ڕۆژە چەندین مامۆستای ناڕازی لە پێنەدانی مووچەو شایستە داراییەکانیان لە سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە، مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، "سوورن لەسەر مانگرتن تاوەکو دەگەن بە ئامانجەکانیان".
لەلایەکی ترەوە، لە هەولێری پایتەخت، مامۆستا عەلی رەئووف مستەفا، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیرکرا، دوای ئەوەی داوای کردبوو خۆپشاندان لە هەولێر و دهۆک دژی حکومەتی هەرێم بەڕێوەبچێت بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان.
لەکاتێکدا تا ئەمڕۆ دووشەممە 3ـی 2ـی 2025، حکومەتی کابینەی نۆیەمی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی کوردستان مووچە و شایستە داراییەکانی مانگەکانی 12ـی 2024 و مانگی 1ی 2025 دابەشنەکردووە.
