پەرلەمانتارێک: خۆپیشاندانی مامۆستایانی سلێمانی یەکێتیی بەگەڕی خستووە بۆ لێدان لە پارتی
پەیمان عیزەدین، ئەندام پەرلەمانی پێشووی سەر بە گۆڕان هێرشدەکاتەسەر خۆپشاندەرانی سلێمانی.
پەیمان عیزەدین لە پۆستێکی نوسیویەتی: "خۆپیشاندان یەکێتیی بەگەڕی خستووە بۆ دەستبادانی پارتی، ئەو خۆپیشاندان و ناڕەزایەتیەی یەکێتیی ئەیجوڵێنێ پێش پێکهێنانی هەر کابینەیەک، دروستبوونی هەر ناکۆکیەک لەگەڵ پارتی، ئەوا خۆپیشاندانێک بووە کە وەرگرتنی ڕەزامەندی نەویستووە، پۆلیسی هاتوچۆ و چالاکیە مەدەنیەکان ڕێگا ئەکەنەوە و ئارامی ئەپارێزن".
ئەو ئەندام پەرلەمانەی کوردستان دەڵێت: "ئەمەی ئەمجارە بۆ دەستبادانی پارتیە و مەعلومە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە ئەو دەرفەتە بقۆزرێتەوە، سەرەنجام شارو کۆمەڵگەیەکی مت و بێدەنگ یەکسانە بە مردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی، لە دنیاشدا زۆر ڕوویداوە ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان بەو جۆرە کۆتایی نەهاتووە کە بڕیاری لەسەر دراوە".
هێرشی ئەو کادرەی گۆڕان بۆ سەر خۆپشاندەران و مانگگرتوانی سلێمانی لەکاتێکدایە، چەندین مامۆستا و خۆپشاندەر داوای مووچەکانیان دەکەن بۆ مانگەکانی 12ـی 2024 و مانگی 1ی 2025، کە تا ئێستا کابینەی نۆیەمی ماوە بۆ درێژکراوی حکومەتی هەرێم بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی دابەشی نەکردووە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی ماوەی هەشت ڕۆژە مامۆستایانی سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووەو تەندروستی هەندێکیان خراپە.
ئەمەش لەکاتێکدا دوێنێ دووشەممە 3ـی شوباتی 2025، هەزاران هاوڵاتی و مامۆستای شار و شارۆچکەکانی پارێزگای سلێمانی ڕوویان لەشاری سلێمانی کرد بۆ ئەنجامدانی خۆپشاندانێکی فراوان دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هاوکات، ماوەی هەشت ڕۆژە چەندین مامۆستای ناڕازی لە پێنەدانی مووچەو شایستە داراییەکانیان لە سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە، مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، "سوورن لەسەر مانگرتن تاوەکو دەگەن بە ئامانجەکانیان".
لەلایەکی ترەوە، لە هەولێری پایتەخت، مامۆستا عەلی رەئووف مستەفا، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیرکرا، دوای ئەوەی داوای کردبوو خۆپشاندان لە هەولێر و دهۆک دژی حکومەتی هەرێم بەڕێوەبچێت بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان.
لەکاتێکدا تا ئەمڕۆ سێشەممە 4ـی 2ـی 2025، حکومەتی کابینەی نۆیەمی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی کوردستان مووچە و شایستە داراییەکانی مانگەکانی 12ـی 2024 و مانگی 1ی 2025 دابەشنەکردووە.
هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە مامۆستایانی سلێمانی کرد کە واز لە خۆپشاندان و مانگگرتنیان بێنن و دەڵێت: "كێشەی مووچە چارەسەرکرا"، بەڵام هیچ کردارێکی جددی لەوبارەیەوە بۆ مامۆستایانی سلێمانی و کوردستان نەکراوە و تا ئێستا مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچە و شایستە داراییەکانی دوو مانگی ڕابردوویان وەرنەگرتووە.
كلمات مفتاحية
- پەیمان عیزەدین
- هەرێمی کوردستان
- حکومەتی هەرێم
- خۆپشاندان
- خۆپشاندانی مامۆستایان
- مانگگرتنی مامۆستایان
- سلێمانی
- پارتی
- یەکێتیی
- گۆڕان
