سەرەڕای سەرما و بارانبارین مامۆستایانی سلێمانی بەردەوامن لە خۆپشاندان و مانگگرتن دژی حکومەتی هەرێم
سەرەڕای سەرما و بارانبارین، ئەمڕ پێنجشەممە مامۆستایانی سلێمانی بەردەوامن لە خۆپشاندان و مانگگرتن دژی حکومەتی هەرێم.
ماوەی دە ڕۆژە مامۆستایانی سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە و تەندروستی هەندێکیان خراپە.
ئەم خۆپشاندانانە و ناڕەزایەتی کە دژی حکومەتی هەرێم بەڕێوەدەچێت، بەهۆی وەرنەگرتنی شایستە داراییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمە کە تا ئێستا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم مووچەی مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردوو و بەشێک لە مووچەکانی مانگی یەکی ئەمساڵ دابەش نەکردووە.
هاوکات، ماوەی 10 ڕۆژە چەندین مامۆستای ناڕازی لە پێنەدانی مووچەو شایستە داراییەکانیان لە سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە، مامۆستایانی ناڕازی دەڵێن، "سوورن لەسەر مانگرتن تاوەکو دەگەن بە ئامانجەکانیان".
لەلایەکی ترەوە، لە هەولێری پایتەخت، مامۆستا عەلی رەئووف مستەفا، نوێنەری گشتی مامۆستایانی گرێبەست لەلایەن ئاسایشی هەولێر دەستگیرکرا، دوای ئەوەی داوای کردبوو خۆپشاندان لە هەولێر و دهۆک دژی حکومەتی هەرێم بەڕێوەبچێت بەهۆی پێنەدانی شایستە داراییەکانیان.
لەکاتێکدا تا ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ـی 2ـی 2025، حکومەتی کابینەی نۆیەمی ماوە بۆ درێژکراوی هەرێمی کوردستان مووچە و شایستە داراییەکانی مانگەکانی 12ـی 2024 و مووچەی بەشێک لە وەزارەت و فەرمانبەرانی مانگی 1ی 2025 دابەشنەکردووە، لەکاتێکدا ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم و وتەبێژی حکومەت وەرگرتنی بڕی 958 ملیار دینار بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی مانگی 1 لە وەزارەتی دارایی عێراق ڕاگەیاند.
هەرچەندە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە مامۆستایانی سلێمانی کرد کە واز لە خۆپشاندان و مانگگرتنیان بێنن و دەڵێت: "كێشەی مووچە چارەسەرکرا"، بەڵام هیچ کردارێکی جددی لەوبارەیەوە بۆ مامۆستایانی سلێمانی و کوردستان نەکراوە و تا ئێستا مامۆستایان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچە و شایستە داراییەکانی دوو مانگی ڕابردوویان وەرنەگرتووە.
ڕۆژی سێشەممەش، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی چووە خێمەی مامۆستایان و پشتگیری بۆیان دەربڕی، هەر لە سێشەممە، ئەندامانی پەرلەمانی سەر بە جوڵانەوەی نەوەی نوێ چوونەتە خێمەی مامۆستایان بۆ دەربڕینی پاڵپشتی، بەڵام لەلایەن مامۆستایان دوورخران، ئەمەش بەهۆی ئەوەوەیە پێشتر سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوویەوە کە مامۆستایان بە دانیشتن لەگەڵ (تورکیای داگیرکەر) ناویان برد.
