سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 7 کەسی دیکە بێسەروشوێنن بەهۆی نوقمبوونی کەشتیەک لە کۆریا
سێ کەس گیانیان لەدەستدا و 7 کەسی دیکەش بێسەروشوێنبوون، دوای ئەوەی کەشتییەکی ڕاوەماسی لە ئاوەکانی کەناراوەکانی باشووری کۆریای باشوور نقوم بوو.
ئاژانسی هەواڵی یونهاپی کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، کە کەشتییەکە کێشی 139 تەنە و 14 ئەندامی دەستەی کارکردنی لەسەرە، کاتژمێر 1:41 خولەکی بەیانی لە ئاودا دیار نەماوە کە نزیکەی 17 کیلۆمەتر لە ڕۆژهەڵاتی دوورگەی هابەک نزیک شاری یوسۆیە، کە دەکەوێتە 316 کیلۆمەتر لە باشووری سیئۆل پایتەخت.
کەشتیەکانی پاسەوانی کەناری دەریا و بەلەمەکانی دیکەی ڕاوەماسی حەوت ئەندامی دەستەی کەشتییەکەیان دۆزییەوە کە لەوانە سێ هاوڵاتی کۆریای باشوور و چوار بیانییان دۆزیەوە، بەڵام سێ هاوڵاتیەکەی کۆریای باشوور گیانیان لەدەستدا، لەوانە کاپتنی کەشتییەکە کە تەمەنی 66 ساڵە بوو.
یەکێک لە دەریاوانەکان دەڵێت: کەشتییەکە بەهۆی ڕەشەبا و شەپۆلەکانەوە ژێرئاوکەوتووە، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت بەرپرسان لێکۆڵینەوە بکەن بۆ دیاریکردنی هۆکاری دروستی تێکشکانەکە و ئەم ڕووداوە.
پاسەوانی کەناری دەریا 23 کەشتی و 8 فڕۆکەی بڵاوکردەوە لەگەڵ پاڵپشتی دەزگاکانی تر و کەشتی ڕاوە ماسییەکان بۆ دۆزینەوەی ئەندامانی دەستەی تری بێسەروشوێن.
