بەهۆی ڕووماڵکردنی خۆپشاندان ئاسایشی پارتی هەڵیکوتاسەر میدیایەک و کەلوپەلەکانی بردووە
ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسایشی سەر بە پارتی بەبێ بڕیاری دادوەری و یاسایی هەڵیکوتاسەر نوسینگەی میدیایەک لە شاری هەولێر بەهۆی ڕووماڵکردنی ئەو پێشلکاریەی هێزەکانی پارتی، کە دەرحەق بە مامۆستایان و خۆپشاندەرانی سلێمانی و گەرمیان و کۆیە کرا، دوای ئەوەی ویستویانە لە بازگەی دێگەڵەی پارتی بپەڕنەوە هەولێر بۆ گەیاندنی دەنگیان.
کەناڵی کەی ئێن ئێن ڕایگەیاندووە لەگەڵ ئەوەى بە زەبرى هێز کۆتاییان بە خۆپیشاندانى مامۆستایان هێنا لە بازگەى دێگەڵە، هێزە ئەمنییەکان دەستیشیان بەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانییەکانى تیمى کەى ئێن ئێن-دا گرت و پێیان وتون: "بڕۆن لە ئاساشى هەولێر وەریان بگرنەوە".
هەر ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکانى هەولێر هەڵیانکوتایەسەر نوسینگەى کەناڵى KNN لە شارى هەولێر و دەستیان بەسەر کەلوپەلە رۆژنامەوانیی و کەسییەکانى نوسینگەکەدا گرت.
زانیاری زیاتر...
ئەمرۆ یەکشەممە 9ـی شوباتی 2025، دوای ئەوەی خۆپیشاندەران لە سلێمانی و شارەکانی ئیدارەی گەرمیان و کۆیە بە دەیان پاس و ئۆتۆمبیل بەرەو شاری هەولێر بەمەبەستی گەیاندنی دەنگی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی نارازی بەرێکەوتن لە بازگەی دێگەلە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕیگریان لێکرا و بە گازی فرمێسک ڕێژ بڵاوەیان پێکرا.
بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە مامۆستایانی مانگرتوو و ناڕازی بەرەو شاری هەولێر بەڕێککەوتن بۆ گەیاندنی دەنگیان و بڕیاریان دابوو لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم خۆپشاندان بکەن.
بەڵام لە بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێری پایتەخت و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگریان لێکرا و ئومێد خۆشناو، ئەندامی پارتی و پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەوانان بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە گوتوویەتی: "هەولێر تاقەتی نییە پێشوازی لە میوانی ڕەزاگران بکات و پێشوازی لەو جۆرە کەسانە بکات"، ئەوەش وەک ئاماژە بۆ مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی کە بڕیاربوو درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن و بەرەو هەولێر بڕۆن، بۆ داواکردنی مافەکانیان و چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی مووچەو شایستە داراییەکانیان.
ئەمەش لەکاتێکدا، ماوەی 13 ڕۆژە مامۆستایانی سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە و تەندروستی هەندێکیان خراپە و بەردەوامن لە خۆپشاندان.
كلمات مفتاحية
- پارتی دیموکراتی کوردستان
- پارتی
- ئاسایشی پارتی
- بازگەی دێگەڵە
- هەرێمی کوردستان
- خۆپشاندان
- مامۆستایانی مانگرتوو
