چواردە ڕۆژە مامۆستایانی مانگرتووی سلێمانی بەردەوامن لە خۆپشاندان و داوا دەکەن کێشەی دواکەوتنی مووچە کۆتایی پێبێت
ئەمرۆ دووشەممە 10ـی شوباتی 2025، ماوەی 14 ڕۆژە مامۆستایانی مانگرتوو و مامۆستایانی سلێمانی بەردەوامن لە خۆپشاندان و ناڕەزایەتی و داوا دەکەن کێشەکانیان و دواکەوتنی مووچەکانیەکان و شایستەکان کۆتایی پێبێت.
ئەمەش لەکاتێکدا دوێنێ یەکشەممە، دوای ئەوەی خۆپیشاندەران لە سلێمانی و شارەکانی ئیدارەی گەرمیان و کۆیە بە دەیان پاس و ئۆتۆمبیل بەرەو شاری هەولێر بەمەبەستی گەیاندنی دەنگی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی نارازی بەرێکەوتن، لە بازگەی دێگەلە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕیگریان لێکرا و بە گازی فرمێسک ڕێژ بڵاوەیان پێکرا.
بەیانی دوێنێ یەکشەممە، بەشێک لە مامۆستایانی مانگرتوو و ناڕازی بەرەو شاری هەولێر بەڕێککەوتن بۆ گەیاندنی دەنگیان و بڕیاریان دابوو لەبەردەم ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم خۆپشاندان بکەن.
بەڵام لە بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێری پایتەخت و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێگریان لێکرا و ئومێد خۆشناو، ئەندامی پارتی و پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەوانان، ڕۆژی یەکشەممە گوتوویەتی: "هەولێر تاقەتی نییە پێشوازی لە میوانی ڕەزاگران بکات و پێشوازی لەو جۆرە کەسانە بکات"، ئەوەش وەک ئاماژە بۆ مامۆستایانی ناڕازی سلێمانی کە بڕیاربوو درێژە بە ناڕەزایەتییەکانیان بدەن و بەرەو هەولێر بڕۆن، بۆ داواکردنی مافەکانیان و چارەسەری ڕیشەیی بۆ کێشەی مووچەو شایستە داراییەکانیان.
ئەمەش لەکاتێکدا، ماوەی 14 ڕۆژە مامۆستایانی سلێمانی مانیان لە خواردن گرتووە و تەندروستی هەندێکیان خراپە و بەشێکیان ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراوەن بەهۆی تێکچوونی بارودۆخی تەدروستیان، لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوامن لە خۆپشاندان.
