وەزارەتی ناوخۆ ڕەتیدەکاتەوە مانەوەی کاتی بە ئەفسەر و سەرکردەکانی سوپای پێشووی سوریا دابێت
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕەتیکردەوە، مافی "مانەوەی کاتی" دابێتە ئەفسەر و سەرکردەکانی سوپای پێشووی ڕژێمی سوریا کە لە 7 و 8ی کانوونی دووەمی ڕابردوودا پەنایان بۆ عێراق بردووە.
عەمید میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کەدەست ئاژانسی "موتەڵع" کەوتووە ڕایگەیاندووە، "هەندێک لە سایتی سۆشیال میدیا هەواڵیان بڵاوکردەوە کە دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق مافی "مانەوەی کاتی بە هۆکاری مرۆیی" بە دەیان ئەفسەر و سەرکردەی سوپای لەناوچووی ڕژێمی سوریا داوە کە لە 7 و 8ی کانوونی دووەمدا پەنایان بردووە بۆ عێراق، لەگەڵ هاتنە ناوەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ ناو شاری دیمەشق وبەغدا دوای چەککردنیان، ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر هاتنە ژوورەوەیان لە دەروازەی سنووری ئەلبوکەمال”.
وتیشی، لەکاتێکدا ئێمە ئەم هەواڵە بە تەواوی ڕەتدەکەینەوە، ئەوە جەخت لەسەر گرنگی وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە فەرمییەکان بەتەنهاو دوورکەوتنەوە لە پرۆپاکەندەی چەواشەکاریی دەکەینەوە.
ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا و وتی: "هەروەها دووپاتی دەکەینەوە کە وەزارەتی ناوخۆی عێراق هیچ ڕێوشوێنێکی سەبارەت بە پێدانی مانەوە بە هەر هۆکارێک بە ئەفسەر و سەرکردەکانی سوپای پێشووی سووریا نەناوە، وەک ئەوەی هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن".
