پارتی وەڵامی عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری دەداتەوە
پارتی وەڵامی عەلی باپیر، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری دەداتەوە و ڕایگەیاند، پارتی لە هەمو بارودۆخێكدا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و مومكین نیە ڕێگە بە تێكدان و یاریكردن بە چارەنوسی گەلی كوردستان بدات، دەشڵێت، "ڕۆژێك لە ڕۆژان نەمانبینی ئینسافتان هەبێت و عادل و بوێر بن و پەنجە لەسەر ڕاستیەكاندا بنێن و بڵێن كێ لە پشتەوەی بڕینی قوت و موچەی خەڵكی كوردستانە".
میدیای فەرمی پارتی، ئەمشەو لە زاری سەرچاوەیەكی ڕۆژنامەوانی لەو حزبەوە بڵاویكردەوە، "بەڕێز م. عەلی باپیر زۆر سوپاس بۆ نەسیحەتەكانت كە لە پۆستێكی فەیسبوكی خۆت لە ئێوارەی ئەمڕۆدا بڵاوتكردوەتەوە. بەڵام دەبوایە هێندەك بە ئینسافەوە بدوێیت، بەڕێزت یەكێك لەوانەی زۆر چاك شارەزای پارتیت و دەزانی پارتی چیی بۆ ئەم وڵاتە كردوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، "پارتی هەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بوە گەلی كوردستان بە سەربەرزی بژییت و لەو پێناوەدا تێكۆشاوە و خوێنی داوە و مێژویەكی ڕوناك و دورودرێژی لە خەبات و تێكۆشان و دەستكەوتی گەورە هەبوە و لە داهاتوشدا دەیبێت".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "پارتی خۆی بەرپرسیار دەزانێ لە چارەنوسی گەلی كوردستان و لە دەیان وێستگەدا لەپێناو بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان و لەپێناو تەبایی و ئارامی و پێكەوەییدا لە مافی خۆی خۆش بوە و هەردەم باجی هەڵوێست و بەرپرسیاریێتییەكانی داوە و بوەتە ئامانجی تیری ناحەزانی گەلی كوردستان. پارتی شانازی بەم بەرپرسیارێتییەوە دەكات و لە سەنگەری پێشەوەی پاراستن و بەرگرییكردن بوە لە كوردستان و ئەمەی بە كردەوە سەلماندوە".
ئەوەشی خستەڕو، "باسی ستەملێكراو و موچەتان كردوە، لە بەڕێزتان دەپرسین ئایا ڕۆژێك لە ڕۆژان پرسیارتان كردوە كێ قوت و موچەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە و بۆچی ڕۆژێك لە ڕۆژان هەڵوێستتان لەبەرانبەر ئەو زوڵم و نانبڕین و دوژمنكارییە نەبوە كە دژی گەلی كوردستان بەڕێوەچوە؟ لەو ستەمەی كە لە خەڵكی كوردستان كراوە نەك تەنیا سلێمانی بەڵكو هەولێر و دهۆك و گەرمیان و بارزان و بادینان و هەڵەبجە و سەرتاسەری كوردستان بەر ئەو ستەمكاری و پێشێلكارییە كەوتون".
میدیای فەرمی پارتی باسی لەوەشكردوە، "نانبڕین و ستەمكارییەكە جگە لە مامۆستا بەڕێزەكان، خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و بریندار و پێشمەرگە قارەمانەكان و منداڵی ناو بێشكە و سەرجەم چینوتوێژەكانی كوردستان گرتوەتەوە و نەمانبینی ڕۆژێك لە ڕۆژان هەڵوێستتان هەبێ لەسەر ژیانی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان كە خۆیان فیدای كورد و كوردستان كردوە. ڕۆژێك لە ڕۆژان نەمانبینی ئینسافتان هەبێت و عادل و بوێر بن و پەنجە لەسەر ڕاستیەكاندا بنێن و بڵێن كێ لە پشتەوەی بڕینی قوت و موچەی خەڵكی كوردستانە".
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، "خەڵكی كوردستان بە هەمو چینوتوێژەكانەوە مافی خۆیانە داواكارییان هەبێت، بەڵام هیچ كات لەگەڵ تێكدان و ئاژاوە نین و لەگەڵ ئەوەش نین هەندێ لایەن یاری بە هەست و سۆزیان و چارەنوسی وڵات بكەن، حەز دەكەین بەڕێزیشت لەوە دڵنیا بن كە پارتی لە هەمو بارودۆخێكدا خۆی بە بەرپرسیار دەزانێت و مومكین نیە ڕێگە بە تێكدان و یاریكردن بە چارەنوسی گەلی كوردستان بدات.
