شەپۆڵێکی سەرما و بەفربارین بۆ ناوچە شاخاویەکان و سەنتەری دهۆک و سلێمانی بەڕێوەیە
بەڕێوبەرایەتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتوو بڵاوکردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە بەشێوەیەکی گشتی کەش و ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت، لەکاتەکانى ئێوارەدا دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور، هەروەها پلەکانی گەرما کەمێک بەرز دەبێتەوە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی دوێنێ سێشەممە.
بۆ سبەی پێنجشەممە 13ی شوباتی 2025، ئاسمان بەگشتى نیمچە هەور دەبێت، لەکاتەکانى دواى نیوەڕۆوە دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو لەئەنجامى هاتنی شەپۆڵێکى بەفر و باران لەسەر ناوچەکەمان، بارانبارین بەشێوەى نمە بارانی پچڕ پچڕ دەست پێ دەکات، لەکاتەکانى ئێوارەدا کاریگەرى ئەم شەپۆڵە زیاد دەکات و بارانى مام ناوەند دەبارێت، هەروەها بەفر بارین لەسەر ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنووریەکان دەبارێت وە ئەو ناوچانەى بەرزاییان لە (1000)م زیاتر بێت ئەگەرى بەفر بارینی هەیە، سەنتەرى پارێزگاى سلێمانى و سەنتەرى پارێزگاى دهۆک ئەگەرى بەفرى هەیە بە تێکەڵى لەگەڵ باران.
