سودانی بانگهێشتی فیدراسیۆنی پیشەسازی و ژوورە بازرگانییەکانی چیک دەکات بۆ سەردانی عێراق
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بانگهێشتی فیدراسیۆنی پیشەسازی و ژوورە بازرگانییەکانی چیک و کۆمپانیاکانی چیک و بازرگانانی کرد بۆ سەردانی عێراق.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شەیاع سودانی و هاوتا چیکیەکەی پیتەر فیالا ئامادەی کۆبوونەوەیەکن کە تیایدا سەرۆکی ژووری بازرگانی عێراق و سەرۆکی فیدراسیۆنی پیشەسازی عێراق و هاوتا چیکییەکانیانی لەخۆگرت، و بە ئامادەبوونی باڵیۆزانی هەردوو وڵات و جێگری سەرۆکی دەستەی نیشتمانی وەبەرهێنان.
وتیشی هەردوولا پشتیوانی خۆیان بۆ کەرتی تایبەت لە هەردوو وڵات دووپاتکردەوە، لەپێناو پەرەپێدانی هاوکاری و کاری هاوبەشی تایبەت بە دەرفەتی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکان لە عێراق.
سودانی ئاماژەی بە گرنگی بوونی کۆمپانیا چیکییەکان بۆ عێراق کرد، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو پێشکەوتنەی کە وڵات لەبوارە جیاجیاکاندا بەخۆیەوە دەیبینێت و ئاماژەی بەبانگهێشت کردنی کۆمپانیا چیکییە تایبەتمەندەکان بە بیناسازی کرد و عێراق بناغەی دروستکردنی یەک ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوونی داناوە.
سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر گرنگی بوونی لیژنەیەکی ئامادەکاری لە فیدراسیۆنە پیشەسازیەکانی هەردوو وڵات کردەوە، بۆ بەردەوامی کارە دووقۆڵییەکان و ئەنجامدانی پێشانگایەک بۆ کۆمپانیا چیکییەکان لەبەغداد، هەروەها بەڕێزیان بانگهێشتی فیدراسیۆنی پیشەسازی و ژوورەکانی بازرگانی چیک و کۆمپانیا و بازرگانانی چیکی کرد بۆ سەردانی کردنی عێراق.
لە میانی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێکهێنانی ئەنجوومەنی بازرگانی هاوبەش کرا، بۆ کارئاسانی بۆ کاری بازرگانان، ئەمە جگە لەوەی باس لە دامەزراندنی بناغە بۆ پرسی پێدانی ڤیزا و ئاسانکاری بۆ هاتنە ناوەوەی وەبەرهێنەران بۆ ئەو دوو وڵاتە کرا.
