ئاسایشی سلێمانی فەرمانی لەفە و مامە لەتیف و شەش تیکتۆکچی دیکەی دەستگیرکردووە
شێرزاد عەبدولوەهاب ناسراو بە (مامە ڤاندام)، کاندیدی دەرنەچووی پەرلەمانی کوردستان و کاندیدی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لەسەر دەستگیرکردنی چەند تیکتۆکچیەک لە سلێمانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نوسیویەتی، "وەکو پیاوێکی سەربازی پاشان وەک کەسایەتیەکی سیاسی، دەستخۆشی لە ئاسایش دەکەم کە ئەم کەسە جنێوفرۆش و کەسایەتیە خراپانەی دەستگیرکرد کە بڵاوکراوەی نەشیاویان بڵاودەکردەوە".
مامە ڤاندام دەڵێت: داواکارم هەر ئەمە نەبێت و بەڵکو ژمارەیەک لەو بەناو کەسایەتیانەی دیکە دەستگیربکەن بە تایبەت ئەوانەی لە ئەورووپان بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی ئینتەرپوڵ، کە یەکێکیان ئەم کەسەیە بەناوی (بلە کەرە) ئامادەشم بۆ هەموو هەماهەنگییەک.
ئەمەش لەکاتێکدا، ڕۆژی دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی ڕایگەیاند، دەزگای ئاسایشی هەرێم 8 تۆمەتباری خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستگیرکرد.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی دەڵێت، بەمەبەستی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوکراوە نەشیاوەکان، بەبڕیاری بەڕێز داواکاری گشتی هەشت تۆمەتباری خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانی دەستگیرکرد، تۆمەتباران لەڕێگەی گرتە ڤیدیۆیی و لایڤەکانیان بابەتی نەشیاویان بڵاوکردوەتەوەو کاریگەری نەرێنییان لەسەر تاک و خێزانەکان هەبووە.
لەسەر داوای هاوڵاتییان بۆ زیاتر پاراستنی بەها کۆمەڵاتییەکان، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دوای بەدواداچوون و دەستنیشانکردنی شوێن و ناسنامەی ئەو تۆمەتبارانەی کە لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان لەگرتە ڤیدیۆیی و لایڤەکانیاندا ڕەفتاری دوور لە نەریت و ڕەوشتی کۆمەڵایەتییان بڵاودەکردەوە دەستگیرکران و ڕووبەڕوی یاسا کرانەوە.
لە هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی بڵاوکراوە نەشیاوەکان، دەزگای ئاسایشی هەرێم بەپێی یاسا و بەبڕیاری دادوەر ڕووبەڕوی خراپ بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتەوە و لەپێناو تێکنەدانی شیرازەی کۆمەڵگا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئاسایشی سلێمانی فەرمانی لەفە ناسراو بە "فەرەی لەفە" و مامە لەتیف و 6 تیکتۆکچی دیکەی دەستگیرکردووە.
