مامۆستایانی گرێبەست لە دژی بڕیارێکی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم نارەزایەتی دەردەبڕن
لە دژی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە، کە داوای کردووە مامۆستایانی گرێبەست فۆڕمی هەژماری من پڕبکەنەوە، ئەمڕۆ مامۆستایان ناڕەزایەتییان نیشاندا و ڕایانگەیاند، لە دادگای فیدراڵی سکاڵا ئەنجام دەدەین.
ئەمڕۆ لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی مامۆستایانی گرێبەست لەبارەی بڕیاری زۆرەملێی پڕکردنەوەی فۆڕمی “هەژماری من” كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانییان ئەنجامدا.
محەمەد میرانی نوێنەری مامۆستایانی گرێبەست لە کۆنگرەکەدا وتی: پێشتر وەزارەتی پەروەردە بڕیارێکی دەرکردووە، کە بە شێوەیەکی ناڕاسەوخۆ داوایان کردووە مامۆستایانی گرێبەست فۆڕمی هەژماری منیان بۆ پڕبکرێتەوە، ئێمەش وەک مامۆستایانی گرێبەست دژی هەموو جۆرە بڕیارێکین کە بەزۆر بەسەرمان جێبەجێ بکرێت.
وتیشی: ئەگەر وەزارەتی پەروەردە ئەم بڕیارە نەکشێنێتەوە لە دادگای فیداڵی سکاڵا لە دژیان تۆماردەکەین، داواکاریشین بەزووترین کات مووچەی مانگی ١٢ دابەش بکرێت، چونکە مامۆستایانی گرێبەست لەسەر میلاکی حکومەتی هەرێمی کوردستانن بە بڕیاری سەرۆکی حکومەت دامەزراون، مووچەی مامۆستایانی گرێبەست هیچ پەیوەندی بە بەغداوە نییە بۆیە داواکارین مووچەی مامۆستایانی گرێبەست بدرێت.
دەشڵێت: دواکارین بە دانانەوەی مامۆستایانی لادراو لە شوێنی خۆیان چونکە مامۆستای وا هەیە ١٢ ساڵ وانەبێژی کردووە مافی خۆیەتی دابنرێتەوە.
