ئەعرەجی: مافی پێکهاتەکان لە عێراق پارێزراون و حکومەت هەوڵی بەرقەرارکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی دەدات
ئەمڕۆ هەینی، قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی پشتڕاستی کردەوە کە: "مافی هەموو پێکهاتەکان لە عێراق پارێزراوە".
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە بەیاننامەیەکدا کە ئاژانسی "موتەڵع" بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاندووە کە: "قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی لە نووسینگەکەیدا پێشوازیکرد شاندێکی ڕەوەندی مەسیحی لە ویلایەتی میشیگانی ئەمریکای، بە سەرۆکایەتی مارتن ماننا، دامەزرێنەری ڕەوەندی عێراقی لە ویلایەتی میشیگان لە ئەمریکا".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، ئەعرەجی بەخێرهاتنی شاندەکەی کردووە و پرسەکانی پەیوەست بە ڕێوشوێنەکانی حکومەتی عێراق بۆ زامنکردنی مافی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق، بەتایبەتی مەسیحییەکان، چ لە ناوخۆ یان دەرەوە، تاوتوێ کران.
ئەعرەجی بۆ شاندەکە جەختی لەوە کردەوە کە: “مافی هەموو پێکهاتەکان لە عێراقدا پارێزراوە”، ڕوونیشیکردەوە: “حکومەتی عێراق ئامانجی خۆی بۆ بەهێزکردنی پێکەوەژیانی برایانە لەنێوان هەموو عێراقییەکان داناوە و بە پەرۆشەوە کاردەکات بۆ چەسپاندنی بناغەکانی ئاشتی کۆمەڵایەتی”.
ئاماژەی بەوەشکرد: "هەموو عێراقییەکان بەبێ گوێدانە ڕەنگێک، ڕۆڵەکانی ئەم وڵاتەن و نوێنەرایەتی تابلۆیەکی جوان دەکەن کە یەکگرتوویی عێراق بە هەموو پێکهاتەکانیەوە بەرجەستە دەکات".
