وەزیری تەندروستی: نەخۆشیی تەبەق لە ژێر کۆنتڕۆڵدایەو تا ئێستاش هیچ تووشبوویەکی مرۆیی تۆمار نەکراوە
ئەمڕۆ شەممە، ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی دووپاتی کردەوە کە: "تا ئێستا دامەزراوە تەندروستییەکان هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە نەخۆشی تەبەق تۆمار نەکردووە"، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە: "نەخۆشی تەبەق نەخۆشییەکی پەتایە و بەم نزیکانە کۆنتڕۆڵ دەکرێت".
حەسناوی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی فەرمی، کە "موتەڵع" بەدواداچوونی بۆ کردووە، ڕایگەیاند، نەخۆشی تەبەق نەخۆشییەکی ڤایرۆسییە و تووشی ئاژەڵ و مانگا و بزن و مەڕ دەبێت و شێوازی گواستنەوەی بۆ مرۆڤ زۆر لاوازە.
ئاماژەی بەوەشکرد، "تا ئێستا دامەزراوە تەندروستییەکان هیچ تووشبوونێکیان بەم ڤایرۆسە تۆمارنەکردووە"، روونیشیکردەوە: "وەزارەتی تەندروستی ڕێنمایی بۆ بەخێوکەرانی ئاژەڵدار کردووە، جگە لەوانەی مامەڵە لەگەڵ گۆشت دەکەن وەک کارگەی قوتوکردنی گۆشت و قەسابخانەکان، هەڵمەتەکانیش بەردەوامن".
وتیشی، ئاستی کارکرنی وەزارەتی کشتوکاڵ و بەشی گشتی پزیشکی ڤێتێرنەری باشە، ئەم نەخۆشیەش بە نەخۆشییەکی پەتا دادەنرێت کە کۆتایی پێدێت و بەم نزیکانە کۆنترۆڵ دەکرێت.
