شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردەوە
ئەمڕۆ شەممە ،شاندی دانوستانکاری یەکێتی و پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی کۆبوونەوە و راگەیەنراوێکیان بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بەخستنەڕوو و گفتوگۆکردنی راپۆرتی لیژنەی هاوبەشی هەردوولا کە بریتی بوو لە؛ تێڕوانینی سیاسی و کارگێڕی و هەنگاوەکانی پەیوەست بە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و دامەزراوەکانی تر.
ئەوەش هاتووە، لەبارەی ناوەڕۆکی راپۆرتەکە، سەرنج و تێبینی وەفدی دانوستاندکاری هەردوولا خرایەڕوو و میکانیزمی گونجاو بۆ چۆنییەتی رێکخستنەوە و رێککەوتن لەسەر کۆی بابەتەکان قسەی لەسەر کرا .
جەختیشیکردەوە، هەر بۆ ئەو مەبەستەش هەردوو وەفدی دانوستانکار بڕیاریاندا درێژە بەکۆبوونەوەکانی نێوانیان بدەن بۆ زیاتر لێکتێگەیشتن و داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەشی پەسەندکراو لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیانی هەرێم.
