تورکیا کوژرانی سەربازێکی لەمیانەی پێکدادان لەگەڵ پەکەکە لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ ڕاگەیاند
وەزارەتی بەرگریی تورکیا کوژرانی سەربازێکی لەمیانەی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ پەکەکە لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی تورکیاوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە:
"لە ڕۆژی 20ـی شوباتدا لەمیانەی شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ ئەندامانی ڕێکخراوی پەکەکە لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنی چنگ-قفڵ لە باکووری عێراق (هەرێمی کوردستان)، سەرباز مستەفا ئوسلو کوژرا".
وەزارەتی بەرگری تورکیا دەڵێت، داوای لێخۆشبوون لەخوا بۆ شەهیدە ئازیزەکەمان دەکەین کە ئازار و خەمێکی قووڵی لا دروست کردین و سەرەخۆشی لە خێزانە بەڕێزەکەی و سوپای تورکیا و گەلە ئازیزەکەمان دەکەین.

شایەنی ئاماژەیە، لەماوەی مانگەکانی ڕابردوو تورکیا لەشکرکێشی و هاوکاری چڕی هێزەکانی بۆ ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆک کرد، بەبیانووی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان کە ئەم لەشکرکێشی و بۆردوومانانە بووە هۆی ئاوەربوونی دەیان گوند و تەنها لەسەرتای ئەمساڵ 2025 نزیکەی 8 هاوڵاتی سڤیلی هەرێمی کوردستان بوونەتە قوربانی بۆردوومانەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ خاکی هەرێمی کوردستان، لەبەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان و هیچ لایەنێکی ئەمنی و پەیوەندیدار لە هەرێمی کوردستان سەرکۆنەی ئەو بۆردوومانانەی تورکیا نەکردووە.
زانیاری زیاتر...
چەندین ساڵە سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان بوونی هەیە و زیاتر لە چل بارەگای سەربازی بۆخۆی و هێزەکانی لە پارێزگای دهۆک و ڕۆژهەڵاتی هەولێر دروستکردووە بە بیانوی بوونی پارتی کرێکارانی کوردستان، لەکاتێکدا هێرشە فڕۆکەوانیەکانی تورکیا بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە 150 هاوڵاتی سڤیلی هەرێمی کوردستان لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا و لەسەرتای ئەمساڵ، زیاتر لە حەوت هاوڵاتی مەدەنی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی هێرشەکانی تورکیا گیانیان لەدەستداوە کە ئەمانە تەنها ژمارەی ڕاگەیندراوەکانە، لەبەرامبەردا چەندین هاوڵاتی تری مەدەنی لە شەنگال کراونەتە ئامانج.
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێشتر گووتی: دەبێت خەڵکی عێراق بزانن ئایا ڕێککەوتنێک لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا یان ئەنقەرە و هەولێر هەیە کە ڕێگە بە وڵاتانی دراوسێ بدات عێراق وەک خاکی خۆیان مامەڵە لەگەڵ بکەن ئەگەر ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە هەبێت، ئەوا دەبێت خەڵک ناڕەزایەتی ئاراستەی دەسەڵاتدارانی عێراق و کورد هەبێت، بەڵام ئەگەر ڕێککەوتن نەبووە، ئایا نابێت پەنجە بۆ تورکیا وەک داگیرکەر ڕابکێشین؟!.
