بافڵ تاڵەبانی: جەخت لە شەراکەتی راستەقینە لە حکومەتی داهاتوو دەکەینەوە نەک پۆست وەرگرتن
ئەمڕۆ یەكشەممە 23ـی شوباتی 2025، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشداری كۆنفرانسی گفتوگۆی بەغدای کردوو تیشکی خستەسەر پرسە هەنوکەییە ناوخۆیی و عێراقی و هەرێمییەکان و بۆچونی یەکێتیی لەسەر بارودۆخی هەرێم و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و عێراق کردووە.
لەبارەی بارودۆخی هەرێم، بافڵ تاڵەبانی لە کۆنفرانسەکەدا باسی لە ستراتیژی یەکێتیی بۆ پرسە ناوخۆییەکانی هەرێم کردوو رایگەیاند: "ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەسەر کۆی پرسە ناوخۆییەکان لەهەرێم ستراتیژ و بۆچونی خۆمانمان هەیە و بۆ حکومەتی داهاتووی هەرێمیش جەخت لە وەرگرتنی زۆرترین پۆست ناکەینەوە، بەڵکوو جەخت لە شەراکەتی راستەقینە لەو حکومەتە دەکەینەوە، هەروەها ئامانجمانە پەیوەندییەکانمان لە حکومەتی داهاتوودا لەگەڵ بەغدا باشتر بکەین، بێگومان ئەمەش بە گفتوگۆ دەبێت".
گەشبینم بۆ داهاتووی حکومەتی هەرێم و ئەرکمانە رووبەرووی ئاڵەنگارییەکان ببینەوە، بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەیاد نەچێت کە یەکێتی و خەڵکی سلێمانیش دیدگایان جیاوازە و بڕواشمان بە پاراستنی مافی هاووڵاتیان هەیە، هەرچەندە لە ئێستادا خەڵک کێشەی مووچەی هەیە بەڵام هەرگیز یەکێتی رێگری لە داواکاری مافەکانیان نەکردووەو بەپێچەوانەوە پشتیوانیان بووە، سەرۆکی یەکێتیی وای وت.
بافڵ تاڵەبانی ئەوەش دەڵێت: "گرنگە لەسەر پرسی مووچە و بودجە و خەرجی و داهاتەکان پرۆگرامێکی شەفافمان هەبێت، هاوکات لەبارەی پرسی هەژماری من و تەوتینیشەوە ئێمە جەخت دەکەینەوە کە پێویستە بەبانکیکردنی مووچە هەنگاوی جدیتر بنێت".
لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، کە بڕیارە لەکۆتایی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، سەرۆکی یەکێتیی دەڵێت: هەڵبژاردنی عێراق زۆر گرنگە، ئامانجمانە بەیەکگرتووی لەبەغدا بین، لەم رێگەیەشەوە دەتوانین باشتر کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا و پرسی ناوچە جێناکۆکەکان و ئەو هێرشە درۆنیانەی دەکرێتەسەر کێڵگە نەوت و گازییەکانمان کەناکرێت چاوپۆشی لێبکەین، چارەسەربکەین، هەروەها من فێرکراوم بە راشکاوی سیاسەت بکەم و وەک مام جەلال لەبەرژەوەندی خەڵک بڕیار دەدەم و سیاسەت دەکەم.
سەبارەت بە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا...
بافڵ تاڵەبانی دەڵێت: "یەکێتیی هەمیشە پشتیوانی لە ئاشتی کردووەو دژی جەنگ بووە، بۆچونمان وابووە کێشەکانی تورکیا بە توندوتیژی چارەسەر ناکرێت، بەڵام دەکرێت بە ئاشتی چارەسەر بکرێت، چونکە پرۆسەی ئاشتی باشترین بژاردەکانە بۆ تورکیا"، "هاتنی وەفدەکەی ئیمراڵی لە هەفتەی رابردوودا بۆلای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زۆر بەروونی بۆچونی خۆمان لەسەر ئەو پرسە پێڕاگەیاندون و وەک سیاسەتی هەمیشەییمان پشتیوانیمان لە ئاشتی کردوەو دەرگای جەنگمان داخستووە، چونکە نمونەی دەیان ساڵی رابردوو ئەوەی سەلماندووە کە جەنگ ناتوانێت کێشەکان لە تورکیا چارەسەر بکات".
