لەئاکامی تەقینەوەی پاشماوەیەکی جەنگی لە سلێمانی منداڵێک گیانی لەدەست دا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان لە پارێزگای سلێمانی، هەواڵی گیانلەدەستدانی منداڵێکی بڵاوکردەوە، لەئەنجامی تەقینەوەی پاشماوەی جەنگی لە یەکێک لە گوندەکانی سنورەکە.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە، عەمید عەلی جەمال قەدووری، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا کە دەست “موتەڵع” کەوتووە، ڕایگەیاندووە، “ئەمڕۆ بەشی پزیشکی دادیی لە شاری کەلار تەرمی منداڵێکی تەمەن 9 ساڵانیان پێگەیشت کە لە ئەنجامی تەقینەوەی پاشماوەیەکی جەنگی لە گوندی حاجی عەواد، سەر بە ناحیەی سەرقەڵا، لە چوارچێوەی ئیدارەی گەرمیاا سەر بە پارێزگای سلێمانی، گیانی لەدەستدا .”
ئاماژەی بەوەشکرد، "ڕووداوەکە دوای ئەوە بووە کە منداڵە مردووەکە (سەفین یادگار حەمید) دەستکاری پاشماوەیەکی کۆنی جەنگی کردووە، لەکاتێکدا لەدەرەوەی گوندەکە بووە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵ"، ڕوونیشیکردەوە "پۆلیس گەیشتووەتە شوێنی ڕووداوەکە ودەستی به لێکۆڵینەوە کردووە ".
