بارزانى و عامرى جەختیانکردەوە لە گرنگیی بەهێزکردنی دیالۆگ و لێکگەیشتن لەنێوان هەموو لایەنە عێراقییەکان
ئەمڕۆ چوارشەممە ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، وهادی عامری ئەمینداری گشتی رێکخراوی بەدر جەختیانکردەوە لە گرنگیی بەهێزکردنی دیالۆگ و لێکگەیشتن لەنێوان هەموو لایەنە عێراقییەکان.
لە راگەیەندراوێکدا سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە دیدارەکەی نێوانیان، باسیان لە دوایین پێشهاتە سیاسییەکان و ڕەوشی گشتیی وڵات کرد، هەروەها پرسە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانیان بە جۆرێک کە بەرژەوەندیی نیشتمانی دەستەبەر بکات، خسته بهر باس.
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی دیالۆگ و لێکگەیشتن لەنێوان هەموو لایەنە عێراقییەکاندا و کاری هاوبەش بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیریی وڵات و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان بە ڕۆحی هاوکاری و هاوبەشیی نیشتمانی کردەوە.
دەشڵێت: هەردوولا باسیان لە دۆخی وڵات و گرنگیی پارێزگاریکردن لە یەکڕیزیی نیشتمانی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییە ناوچهیی و نێودەوڵەتییەکان کرد.
راگەیەندراوەکە باس لەوەشدەکات، نێچیرڤان بارزانی گرنگیدانی هەرێمی کوردستانی بۆ بەردەوامیی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەکان لە عێراق دووپات کردەوە؛ و جەختی لەسەر گرنگیی پشتگیریکردنی هەوڵەکانی حکوومەتی فیدراڵ کرد لە بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانی کە لە بەرژەوەندیی تهواوی وڵاتدایه.
