کۆمەڵەی نێوەندگیری و ڕاوێژکاریی خانووبەرە ناپیشەیی و نایاساییەو پاڵپشتی حیزبی لەدواوەیە
خاوەنی کۆمپانیایەکی عەقارات دەڵێت، کۆمەڵەی نێوەندگیری و ڕاوێژکاریی خانووبەرە ناپیشەیی و نایاسایی و ناشەفافە، داواش دەکات ئەو کۆمەڵەیە هەڵبووەشێتەوە.
خاوەنی گرووپی کۆمپانیای عەقاراتی ئەملاک، سەردار ئازاد دەڵێت: کۆمەڵەی نێوەندگیری و ڕاوێژکاریی خانووبەر بە نهێنی و پاڵپشتیی حیزبی دروستبووە، بۆیە ناپیشەیین و نەیانتوانیوە سەرکەوتوو بن.
سەردار ئازاد دەشڵێت: "ئەو کۆمپانیا عەقاراتانەی بەشدارن لەو کۆمەڵەیە بەشێکیان تێبینییان لەسەرە و یەکێکیان 50 ملیۆن دۆلاری خەڵکی خواردووە و دەیان گرفتی عەقارات هەیە و هیچ هەڵوێستێکیان نییە چونکە بەشێکیان بەشدارن لەو کێشانە".
ناوبراو داواش دەکات ئەو کۆمەڵەیە هەڵبووەشێندرێتەوە و کۆمەڵەیەک دابمەزرێت ستراتیژی هەبێت و کار بکات بۆ بەهێزکردنی کۆمپانیاکانی عەقارات و دروستکردنی بلاک لیست و کاریگەریی لەسەر کۆمپانیا وەبەرهێنەکان هەبێت.
هەر لەو بارەیەوە، ئاگادارییەک لە کۆمەڵەی خانووبەرەوە بڵاوکرایەوە و گوتەبێژی کۆمەڵەی نێوەندگیری و راوێژکاری خانووبەرە، دیار عەلی دەڵێت: کۆمەڵەی نێوەندگیری خانووبەرە بەردەوامە لەسەر کارەکانی و بەدیهێنانی ئامانجەکانی بۆ پەرەپێدانی کەرتی خانووبەرە، سەرۆکی کۆمەڵە و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵە دەستکەوتی زۆریان لەماوەیەکی کورتدا بۆ پیشەوەرانی خانووبەرە دەستخستووە لای هەمووان ئاشکرایە کەسانێک هەن خۆیان شکستیان خواردووەو بەهۆی نەبوونی پێگە پیشەییانەوە هیچ شوێنێکیان نیە لەنێو پیشەوەرانی خانووبەرە بۆیە داوای پێگە دەکەن لەنێو کۆمەڵەدا، کە ئەوەش لەڕێگای هەڵبژاردنەوە دەکرێت نەک بڵاوکردنەوەی قسەی ناشرین و پۆستی بێ ئاست، بۆ دواجار وەکوو ئاگادارکردنەوە ئاگاداریان دەکەینەوە لە ئەگەری دووبارە بوونەوەی ئەم پۆستە نەشیاوانە ڕێکاری یاسایی دەگرینە بەر بەرامبەریان و تا دوابڕیاری دادگا لەگەڵیان بەردەوام دەبین.
