لە پارێزگای هەولێر بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز چەند بڕیارێك دەركرا
لە پارێزگای هەولێر بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز چەند بڕیارێك دەركرا، بڕیاردرا هەر كەسێك لەم مانگەدا كەلوپەل گران بكات یاخود خۆراكی خراپ و ماوەبەسەرچوو بفرۆشێت توندترین سزا بدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو پارێزگارى هەولێر سەبارەت بەهاتنى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان و نرخى کەلوپەل و کاڵا و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان کۆبوونەوەیەکى تایبەت ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا كە بەرپرسانى دیکەى لایەنى پەیوەندیدارئامادەى بوون، دواى گفتوگۆکردن لەبارەى ڕەوشى بازاڕ و نرخ و جۆرەکانى خۆراك و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان، پارێزگارى هەولێر جەختى لە توندکردنى چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە هەموو شوێنەکان کردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش کۆبوونەوە ئەو بڕیارانەى دا:-
- لیژنەی قایمقامییەتەکان، بازرگانى، شارەوانى، تەندروستى، و لایەنەکانى دیکەى پەیوەندیدار بەردەوام بن لە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستییەکانی هاووڵاتییان.
- نابێت ڕێگە بە هیچ کەسێک بدرێت مانگى پیرۆزى ڕەمەزان بقۆزیتەوە و یاری بە بازاڕ بکات و نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان گران بکات.
- ڕێکارى یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانە بگیرێتەبەر کە یارى بە بازاڕ دەکەن و نرخی خۆراک و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن.
- لەپێناو پاراستن و سەلامەتى گیانى هاووڵاتییان و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوهبەسەرچوو و بێ کوالێتی، هەڵمەتى لیژنەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆ کۆگاکانى خۆراک، درمان، مۆڵ، مارکێت و شوێنەکانى ترى هاوشێوەیان لەناو شار و دەرەوەى شار بەردەوام بێت.
- لە بازگەکان چاودێرى توند بکرێت و ڕێگە نەدرێت خۆراک و کەلوپەلى ماوە بەسەرچوو هاوردەى سنوورى پارێزگاى هەولێر بکرێت.
- تیمەکانى شارەوانى لە ڕێکخستنى بازاڕ و چاودێریکردنى شوێنە گشتییەکان و پاککردنەوەى بەردەوامى نێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بەردەوام بن.
- ڕێکخستنى خشتەى مۆلیدە ئەهلییەکان و کارەباى نیشتمانى دەبێت لە کاتى بەربانگ و پارشیواندا کارەبا بدرێت بە هاووڵاتییان.
- کوشتارگەى هاوچەرخى هەولێر و ڤێتەرنەرى بە هاوبەشى لەگەڵ لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکان وەکو ساڵان ڕێوشوێنى پێویست بگرنەبەر.
- ئامادەباشی هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و گرتنەبەرى ڕێکارێکى پێویست لە شوینە گشتییەکان بە تایبەتى لە شەوانى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان لەپێناو پاراستنى ئارامى و ئاسایشى شار و سەروماڵى هاووڵاتییان.
- کردنەوەى بازاڕى شەوانى ڕەمەزان لە سەنتەرى شار لەلایەن سەرۆکایەتى شارەوانى هەولێر لەڕووى ڕێکخستن و ڕێکارەکانى بە باشى و بەبێ کەموکوڕى بەڕێوەببرێت.
- تەنها لە 10 شەوە كۆتاییەكانی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن تا نوێژی بەیانی، تەنها پێشنوێژ و وتارخوێنی فەرمی مزگەوتیش بۆیان هەیە مەراسیمە ئایینیەكان و تەراویح ئەنجام بدەن، بەپێچەوانەوە هیچ كەسێكى تر بۆی نییە چالاكی ئەنجام بدات.
- لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان دەوامی فەرمی لە دامودەزگا و فەرمانگەكانی حكوومەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر كەم بكرێتەوە.
لە کۆتای کۆبوونەوەکەشدا لەلایەن ئامادەبووانەوە دواى گفتووگۆ و خستنەڕووى چەند پرسێکى دیکەى پەیوەست بە بابەتى سەرەکى کۆبوونەوە، کۆبوونەوە چەند بڕیار و ڕێوشوێنێکى دیکەى پێویستى وەرگرت.
